ئانۆ جەوهەر: راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سلێمانی رەهەندێکی ئەمنی هەیە

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، تورکیا بە نووسراوی فەرمی لەوبارەیەوە ئاگاداری نەکردووینتەوە، بەڵام بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی حکومەتی تورکیا ئەو پرسە رەهەندی ئەمنی و سەربازی هەیە.

رۆژی پێنجشەممە (6ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر هەشتی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتی سلێمانی، زیانی گەورەی بۆ خەڵکی پارێزگای سلێمانی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لەگەڵ ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەدواداچوونیان کردووە و ئەوەیان پێڕاگەیەندراوە هیچ کەمتەرخەمییەک لە ئیدارەی مەدەنیدا نییە و بەپێی یاساش ئەوان پەیوەندیدارنین بە دۆسیەی ئەمنی فڕۆکەخانەکان، کە لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشە.

هەروەها ئانۆ جەوهەر روونیکردەوە، پرسی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کاریگەری لەسەر داهاتی گومرگی و دەزگا پەیوەندیدارەکان بە گەشت، دەروازە سنوورییەکان و نشینگە دەبێت و ئیدارەی فڕۆکەخانەش لەگەڵ دەستەی فڕۆکەوانی عێراق لەسەر هێلن بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی تورکی ئەو پرسە چارەسەربکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، دوای کۆتایی هاتنی جەژنی قیامەی پیرۆز، سەردانی بە‌غدا دەکەن و لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق لەبارەی ئەو پرسە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە ئیدارەی مەدەنی فڕۆکەخانەوە، گفتوگۆ دەکەن.

هاوکات ئانۆ جەوهەر، باسی لە گرنگی ئاسمانی تورکیا کرد بۆ هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەراست بەگشتی بەهۆی ئەوەی رێرەوی بەشێکی زۆری گەشتەکان دەکەوێتە ئاسمانی ئەو وڵاتەوە.

لەبارەی کاریگەری راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەسەر فڕۆکەخانەکانی دیکە، ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بەوەکرد، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی ئاسایی و لەکاتی خۆیاندا بەڕێودەچن و هیچ کاریگەرییەکی نەبووە، بەڵام کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی ژمارەی گەشتیار بەهۆی ئەوەی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی سلێمانیش روو لە هەولێر دەکەن.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن روونیکردەوە، بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمپانیاکانەوە نییە و ئەوان بەشێوەیەکی ئاسایی گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام دەدەن بەڵام دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا، بڕیاریداوە بە داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە روو گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی کە وەک خۆیان ئاماژەیان پێکردووە، ئەو بڕیارە رەهەندی ئەمنی و سەربازی هەیە.