ئێران داوای قەرزەکانی لە عێراق دەکاتەوە

"چیتر ئێران ناتوانێت دۆلار لە بازاڕی رەشی عێراق بکڕێت"
تومەنی ئێرانی و دۆلاری ئەمەریکی
تومەنی ئێرانی و دۆلاری ئەمەریکی

K24 – هەولێر:

بەهۆی رێکارەکانی حکومەتی ئەمەریکا و بانکی ناوەندیی عێراقەوە، چیتر ئێران ناتوانێت دۆلار لە بازاڕی رەشی عێراق بکڕێت و لەبری ئەوە داوای گەڕاندنەوەی قەرزەکانی لە بەغدا دەکات.

بەهۆی ئەو رێکارانەی لە ماوەی رابردووە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە گیراوەتەبەر، دوای رێککەوتنی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و بانکی ناوەندنی ئەو وڵاتە، کڕینی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بۆ بازرگانانی ئێراق سەخت بووە. بۆیە هەفتەی رابردوو تاران بە فەرمی کڕینی دۆلاری لە بازاڕی رەشی عێراق وەستاند و ئەمەش بووە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار لە هەزار و 580 دینارەوە بۆ هەزار و 495 دینار لە شەو و رۆژێکدا.

بەوهۆیەشەوە، تاران داوای گەڕانەوەی قەرزەکانی لە بەغدا دەکات کە لە هەژمارێکی بانکی بازرگانی لە عێراق دانراوە. لەلایەن خۆشیانەوە، چەند بەرپرسێکی عێراق ئاشکرایانکردووە، لەو هەژمارە بانکییەدا هەشت ملیار دۆلار ماوە بەڵام بەهۆی چاودێری و سزاکانی ئەمەریکا، ئێران ناتوانێت هەموو کەل و پەلێک بکڕێت و مامەڵە بەو پارەیەوە بکات.

هەروەها تێچووی ئێران لە کڕینی هەر ملیۆن دۆلارێك لە عێراق دەگەیشتە 40% واتە 400 هەزار دۆلار، کە ئەو تێچووەش بۆ ئەو کەسانە بوو کە دۆلاریان لە عێراق بۆ ئێران دەکڕی و بە قاچاغ رەوانەی ئەو وڵاتەیان دەکرد.