دڵشاد شەهاب: سەرۆکی هەرێم بۆ دوو مەبەست سەردانی بەغدای کردووە

K24 - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بۆنەی فەرمی بانگهێشت کرابوو، هەروەها بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24 راگەیاند، دوو بۆنەی فەرمی هەبوو لە بەغدا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرابوو، یەکەمیان 42مین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر بوو، ئێوارەش یادی 43 ساڵەی شەهیدکردنی محەممەد باقر سەدر، لەگەڵیدا ئەو پێویستیانەی کە عێراق و هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەردەبێت، بۆ پتەوکردنی پەیوەندیەکان، زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردە سیاسیەکانی بەشدار لە حکومەت.

شەهاب گوتیشی، حکومەتەکەی سوودانی لە سێ لایەنی سەرەکی سوونە، شیعە و کورد پێکهاتووە، رێککەوتنێک هەیە لەنێوان ئەو لایانانە، لەسەر کارنامەی حکومەت کە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی پێداوە، لە وتارەکەی سەرۆکی هەرێم کە دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان هاوکار دەبێت بۆ کارنامەی حکومەت، هەروەها سوودانی زۆر بەروونی ئاماژەی بە رۆڵ و کاریگەری سەرۆکی هەرێم کرد بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی هەن، هەروەها نزیک کردنەوەی بیرو بۆ چوونەکان، لەسەر ئاستی عێراق بەشێوەیەکی گشتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، راگەیەندراوی فەرمی بڵاوکردەوە، کە نیگەرانی خۆیان دەربریووە و داوای لێکۆڵینەوەیان کردووە، هەروەها داواتان کردووە، هۆکارەکانی ئەو هێرشە بخرێتە روو، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئێمە لە ناوچەیەکی پڕ كێشە و ململانێ دەژین، رەنگە زۆر جار ئێمە بەشێکیش نەبین لەو ململانێیانەی کە لە هەرێمی کوردستان روودەدەن.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: گرنگە ئێمە هەست کردن بە بەرپرسیارەتی ئارامی و سەقامگیری و گوزەرانی خەڵک لە ئەولەویەتی کارەکانی ئێمە بێت، ئەوەی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، نابێت رووداوێک کە روودەدات، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەوەندە رەنگدانەوە و پەیامی جیاوازی لێدەربچێت،کە ببێتە مایەی نیگەرانی خەڵکی.