زیانە ئابوورییەکانی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی

هاژە غەفور
هاژە غەفور

K24 - هەولێر:

بڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە چەندین لێکەوتەی ئابووری بەدوای خۆیدا هێناوە و لەسەر چەندین ئاستدا زیانی ئابووری لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی (هەینی 3ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) رایگەیاند، بەهۆی چالاکییەکانی پەکەکەوە لە سلێمانی، بڕیاری داوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سلێمانی لە سلێمانییەوەش بۆ تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگ واتا تاوەکوو 3ـی تەمموز رابگرێت و ئەگەر چالاکییەکانی پەکەکەش بەردەوامیان هەبێت، ماوەی راگرتنی گەشتەکان درێژ دەکرێتەوە.

بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هاووڵاتییەکی زۆر بلیتی گەشتیان بۆ وڵاتانی تورکیا و ئەڵمانیا هەڵوەشاوەتەوە، لە هەمان کاتیشدا نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارەکان زیانی هەزاران دۆلاریان بەرکەوتووە.

بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوی تورکیا هەریەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، بازرگانان و هاووڵاتییان زیانیان بەردەکەوێت، بەشێوەیەک هێڵی ئاسمانی تورکیش ئێرلاین لە 3ـی نیسانەوە گەشتەکانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرتووە، کە لەم ماوەیەدا 11 گەشتی هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەها رۆژی 6ـی نیسان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵوەشاندنەوەی گەشتی ژمارە De827 ـی راگرت، کە تایبەت بوو بە راگرتنی دوو گەشتی هێڵی ئاسمانی کۆندۆر (دۆسلدۆرف – سلێمانی)، بە هەمان شێوەش هێڵی ئاسمانی عێراقییە 2 گەشتی راگرت.

هاژە غەفور زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو.