حامد موتڵەگ: سووننەکان لەسەر پێکهێنانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناكۆكن

حامد موتڵەگ، ئەمینداری گشتی پارتی دیالۆگ و گۆڕانکاری
حامد موتڵەگ، ئەمینداری گشتی پارتی دیالۆگ و گۆڕانکاری

K24 – هەولێر:

ئەمینداری گشتی پارتی دیالۆگ و گۆڕانکاری رایدەگەیەنێت، سووننەکان بەهۆی کێشە و ناکۆکی نێوانیان، ناتوانن چوارچێوەی هەماهەنگی دروست بکەن، دروستکردنی چوارچێوەیەکی لەو شێوەیە، پێویستی بە کۆدەنگی هەیە.

لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، حامد موتڵەگ ئەمینداری گشتی پارتی دیالۆگ و گۆڕانکاری، رایگەیاند، ناکۆکی زۆر لە نێوان لایه‌نه‌ سوونییەکاندا هەیە، لەو بڕوایه‌دا نییم بتوانن چوارچێوەی هەماهەنگی وەکو شیعەکان دروست بکەن.

ئەمینداری گشتی پارتی دیالۆگ و گۆڕانکاری، راشیگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، رای گشتی هەموو شیعەکان لەخۆ ناگرێت، چونکە لایەنی سەدری لەنێو ئەو چوارچێوەیەدا نیین و ناکۆکن لەگەڵ یەکتر.

موتڵەگ، ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی عێراق ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێ، تاکو تەواوی لایەنە سیاسییەکانی یەکگرتوو نەبن، خوازیارن سوود لە ئەزموونی رابردوو وەربگرن و  دیدگایەکی نیشتیمانی لە نێوان شیعە، کورد، سووننە و لایەنەکانی دیکە، رێكبخه‌ن.

هه‌روه‌ها جەختی لەوەشکردەوە، هیچ لایەنێکی سیاسی لەدوای روخانی رژێمی سەدامەوە یەکگرتوو نیین، شیعه‌كان ناکۆکن لەگەڵ یەکتر، سووننه‌ و کوردیش بەهەمان شێوە.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئوسامە نوجێفی، رافع عیساوی و خەمیس خەنجەر لەو چوارچێوەیەدا نیین و هه‌روه‌ها ئەوانیش رەزامەند نیین.

ئەوەشی گوت: "تاکو ئێستا محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان درکی بە مەترسییەکان نەکردووە، بۆیە ئەو ناکۆکییە تا ئێستا ماوە".

حامد موتڵەگ سەبارەت بە کابینەکەی سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "ئێمە خواستمان ئەوەیە محەممەد شیاع سوودانی بتوانێت داواکارییه‌كانی گەل جێبەجێبکات، هەنگاوی ئومێد بەخشانەی ناوە، بەڵام هەروا ئاسان نییە، چونکە هەندێک لایەنی سیاسی لەگەڵ دۆخەکەدا ناكۆكن، لەنێوان لایەنە سیاسیەکان ململانێ و رکابەریی ماوە، ئەوەش کێشە بۆ حکومەتی سوودانی دروست دەکات".

هەروەها گوتیشی: "پێویسته‌ چوارچێوەیەکی عێراقی هەبێت، هەموو لایەنەکانی تێدا بێت نەک تەنیا سووننە و شیعە".