پێشەوا هەورامانی: قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی لە بەرپرسیاریەتی رایانکردووە

K24 - هەولێر

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بەداخەوە جێگری سەرۆکوەزیران و تیمەکەی لە بەرپرسیاریەتی رایانکردووە، سەلماندیان پیاوی هەڵگرتنی ئەرکی قورس نین، لە تەنگانەدا لەگەڵ خەڵکی خۆیان نابن، کاتێک بازاڕیان گەرمە کە ناکۆکی هەبێت، زۆر زیرەک و کارامەن لە دروستکردنی ئاشوب و تێکدانی سەقامگیری.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند: "بەداخەوە کە ئێمە سەرقاڵی چاکسازی و ئەو روئیایانە بووین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی، سەرقاڵی حوکمڕانیەک بووین کە بەتاڵ بێت لە خەڵکی گەندەڵ و بندیوار و بێ ئیش، سەرقاڵی ژێرخانێکی ئابووری بووین بۆ نەوەکانی داهاتوو، حەزمان دەکرد درێژە بەو کاروانە بدەین نەک ئێستا بەو هۆی چەند کەسێکی پیسخۆرەوە کارە ئەسڵییەکەی خۆمان بیر بچێتەوە".

سەبارەت بە هەڵمەتی کەناڵەکانی یەکێتی، دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی، گوتی: "ئەوەی ئەوان باسی دەکەن دوورە لە راستییەوە، لە بنەڕەتدا ئەو دۆخەی دروستیان کردووە چەند هۆکارێکی روونی لە پشتە و نایانەوێت بە خەڵکی کوردستانی بڵێن، لە بنەڕەتەوە ئەو کێشانە چۆن دەستیان پێکرد؟ یەکێتی لەسەر دوو بابەت بە شەرمنانە داوایان لە پارتی کرد، کە بابەتی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف دابخرێت، هەروەها مەسەلەی هەڵبژاردن کە جارێکی دیکە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژ بکرێتەوە، لەم بابەتەدا چاوپۆشی نەکرا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بابەتی کوژرانی بەرپرسێکی ئەمنی لەناو شاری هەولێر کە بە بەرچاوی منداڵەکانی و خەڵکەوە تیرۆرکرا، چاوپۆشی لەوە نەکرد، یەکێتی بەشێوەیەکی شەرمنانە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای پارتی داوایان کرد کە ئەم کەیسە دابخرێت، کە بە دڵی ئەوان نەکرا، ئێستا هاتوون دەڵێن لەبەر مووچەی خەڵک ناگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر هۆکارەکە مووچەی خەڵکە و بەڕاستی پلە و پۆستەکانی خۆیان جێهێشووە، خێرە چەند پۆستێکی لە پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە، ئەمە چییە ئەم بانێک و دوو هەواییە و یارییکردنە بە عەقڵی خەڵک؟، پێیان وایە خەڵک هێندە سادەیە لەو شتانە تێنەگات و نەزانێت بابەتەکە چییە؟ بۆچی لە ئەنجومەنی وەزیران دەوام جێدەهێڵن و لە پەرلەمان پۆستی بەتاڵ پڕدەکەنەوە، ئەمە راکردنە لە بەرپرسیاریەتی، راکردنە لەو ئەرکە قورسەی لەسەر شانی سەرۆکوەزیران بووە، یەکێتی نەچووەتە ژێرباری ئەو ئەرکە قورسەوە و سەلماندیان پیاوی هەڵگرتنی ئەرکی قورس نین، لە تەنگانەدا لەگەڵ خەڵکی خۆیان نابن، تەنیا بازاڕیان کاتێک گەرمە کە ناکۆکی هەبێت، زۆر زیرەک و کارامەن لە دروستکردنی ئاشوب و تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو قسانەی ئەوان دەیکەن فلسێکی قڵپ ناهێنێ، لێرەشەوە جارێکی تر پێیان دەڵێینەوە سەرۆکوەزیران موساوەمە لەسەر ئەو پرەنسیپانە ناکات، کە بڕیاریداوە کابینەی لەسەر دروست بکات، سەرۆکوەزیران خاوەن دونیابینی خۆیەتی بۆ حوکمڕانی و دروستکردنی کوردستانێکی بەهێز، کە بەداخەوە جێگری سەرۆکوەزیران و یەکێتی ئەمەیان ناوێت و لە بەرپرسیاریەتی رایانکردووە، ئەگەرنا قسەی هەیە با بێت لە ئەنجومەنی وەزیران بیکات".

دەشڵێت: "لە سەرەتای دروستبوونی کابینەی نۆیەم تائێستا هیچ بڕیارێک لە ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینە تێنەپەڕیوە، سەرۆکوەزیران هەمیشە رێزی بۆ بۆچوونی سەرجەم ئەندامانی کابینەکەی هەبووە، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە سەر بە چ لایەنێکە".

دەربارەی نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی و دابەشنەکردنی مووچە، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، گوتی: "بۆ مووچەی فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی پێویستمان بە 235 ملیۆن دۆلارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 185 ملیۆن دۆلار بە کاش دەنێرێت بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی مووچەی پێبدەن، تەنانەت لەو بڕە پارەیەش هەندێک جار پارە دیار نامێنێت، هەندێک جار حکومەتی پارەی دیکەشی بۆ سلێمانی ناردووە، لەم ماوەیەدا جگە لەو بڕە پارەیەی دیاریکراوە حکومەت 53 ملیۆن دۆلاری ناردووە بۆ سلێمانی، بەڵام ئەوان تەنیا هەست و سۆزی خەڵکیان کردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی بیکەنە هۆکار بۆ لێدان لە سەرۆکوەزیران و کابینەکەی، ئێستا کە حکومەت 185 میلۆن دۆلار بۆ سلێمانی دەنێرێت یەکێتی دەتوانێت بە داهاتی دەروازەی باشماخ بڕەکەی تر دابین بکات، ئەگەر ئەوەی پێناکرێت دەتوانن داهات رادەستی کەسانی شارەزای ناو حکومەت بکەن، تەنها مەرزی باشماخ رادەستی حکومەت بکرێت، ئەوکات ئەگەر ئەو برە تەنیا لە داهاتی ئەوێ دابین نەکرا با خەڵک گلەیی بکەن".

راشیگەیاند: "ئەو پارەی لە داهاتی ناوخۆ دەستیان دەکەوێت بۆ جنێودان بە حکومەت خەرجی دەکەن، کە خۆیان بەشێک بوون لێی، ئەو پارەیە لە دروستکردنی هێزی چەکدار و ترساندنی خەڵک خەرج دەکەن، هەروەها بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان بەکاری دەهێنن، ئەوان دەست بۆ داهاتی نەخۆشخانە و مووچەی خانەنشینان دەبەن".

پێشەوا هەورامانی، گوتیشی: "حکومەت جێی نازهەڵگرتن و موجامەلەکردن نییە، بەڵکو شوێنی بڕیاردان و کارکردنی پێکەوەییە، تائێستا چەندین جار سەرۆکوەزیران داوای کردووە ئەو تیمە نابەرپرسە بگەڕێنەوە ئەنجومەنی وەزیران، کە ناگەڕێنەوە ناتوانین راستییەکان لە خەڵک بشارینەوە، سەرۆکوەزیران یەک رۆژیش دەست لە پرەنسیپەکانی خۆی هەڵناگرێت لەم کابینەیەدا، با قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی و یەکێتی نیشتمانی زۆر لەوە دڵنیابن، هیچ موجامەلەیەکیان ناکرێت و دەست لەو پرەنسیپانە هەڵناگرین کە ئەم کابینەی لەسەر دروستبووە و ئەو روئیایەی کە سەرۆکوەزیران هەیەتی بۆ دروستکردنی کوردستانێکی بەهێز".

دەربارەی ئەوەی کە بەرپرس و میدیاکانی یەکێتی چەندین جار باسی شەڕی ناوخۆ دەکەن، پێشەوا هەورامانی دەڵێت: "لەبەر ئەوەیە کە نابەرپرسن، کەسێک بە بەرپرسیاریەتی لەسەر شان نەبوو خەمی خەڵکی کوردستانی نەبێت بێگومان بیر لەوە دەکاتەوە، بازاڕی قاچاغچی لەناو شەڕ گەرم دەبێت، بازاڕی چەکی قاچاغ و خواردن و هەموو شتێک لەکاتی ناسەقامگیری و شەڕدا گەرم دەبێت. وڵاتان خەریکی پلانن بۆ چەند ساڵی داهاتوو ئێمەش خەریکی یەکێتین لە گرووپ دەردەچن و نایەنە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران".