گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی سەردانی گۆمی فێڵاو دەکەن

kurdistan24.net

K24 - چۆمان

گۆمی فێڵاو، یه‌كێك له‌ ناوچه‌گه‌شتیارییه‌كانی دەڤەری باڵه‌كایه‌تی له ‌سنوری شارۆچكەی چۆمان، دیمه‌نه‌ ناوازه‌كانی ئه‌م گۆمه‌ وایكردووه‌ به‌رده‌وام له‌ وه‌رزی به‌هار ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێبكەن.

رەنگدانەوەی چیای حەساری سەکران هۆکارێک بوونەلەوەی خەڵکی ناوچەکە ئێرە ناوبنێن گۆمی فێڵاو.

تیشکدانەوە و مەندی ئاوی گۆمەکە، ئەوێی کردووەتە شوێنێکی ناسراوی گەشتیاری و جگە لە چێژبینین لە سرووشتی بەهارەی ناوچەکە گەشتیاران لە ئامێرە هۆشمەندەکانیان توانستی وێنەگری خۆیان تاقیدەکەنەوە، دیمەنەکان گەشتیارانی تەواوی کوردستانی بۆخۆی راکێشاوە.

گەشتیارێک بەناوی ڤه‌هێل دێوالی، سەردانی گۆمی فێڵاوی کردووە، دەڵێت: "بۆ جاری یەکەمە دێمە ئێرە و بەڕاستی دیمەنەکانی ئێرە زۆر باڵکێشن، هەرکەسێک سەردانی ئێرەی نەکردووە پێیدەڵێم با بەزووترین کات سەردانی بکات".

دارین مه‌عسووم، گەشتیارێکی دیکەیە لە گۆمی فێڵاو بە کوردستان24ی گوت: "گۆمی فێڵاو بە سویسرای کوردستان ناسێندراوە و هاوشێوەیەتی، جوانییەکەی لەوە بەرجەستە دەبێت دیمەنی شاخی سەکرانی تێدا دەردەکەوێت".

گەشتیارێکی دیکە بەناوی محەمەد حاجی، پێێ وایە: "گرنگە هەرکەسێک سەردانی ئێرە بکات، ئێرە کەشێکی زۆر جیاوازی هەیە بەفر، بەهار و هاوین هەمووشتێک بەیەکەوە دەردەکەوێت، جاری سێیەممە دێمە ئێرە و دەیان جاری دیکەش بێم لێی بێزارنابم".

رێژە ئەو گەشتیارانەی بۆ بینینی جوانی دیمەنەکان دەچنە فێڵاو، ساڵ بۆ ساڵ روو لە هەڵکشانە، هاوشێوەی رەنگینی دیمەنەکانی ئێرە گەشتیارەکانیشی فرەڕەنگن.

مونا شبیبه‌، گه‌شتیارێکی عه‌ره‌بە و لە بەغداوە هاتووەتە فێڵاو دەڵێ: "شوێنەکە زۆر جوان و شایەستەیە، هەموو شتێک لێرە جوانە، تەنیا رێگایەکە پێویستی بە باشتر کردنە بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بتوانێت بگاتە ئێرە و جوانییەکانی ببینێت".

تا ئاو و سەوزایی لە فێڵاو مابێت گەشتیاریشی لێ نابڕێت، ئاماری گه‌شتوگوزاری چۆمان ده‌ریده‌خات ساڵی رابردوو نزیكه‌ی 300 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی باڵه‌كایه‌تیان كردووه‌، به‌شی زۆری ئه‌م گه‌شتیارانه‌شی هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ سه‌ردانی گۆمی فێڵاویان كردووه‌.