وەزارەتی پێشمەرگە: ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی داعشمان لە سنووری گوێڕ ئەنجام دا

ژمارەیەک هێزی پێشمەرگە لەناو گوندی کەپرانەی گوێڕ | وێنە: ئازەر فارووق - کوردستان24
ژمارەیەک هێزی پێشمەرگە لەناو گوندی کەپرانەی گوێڕ | وێنە: ئازەر فارووق - کوردستان24

K24 - هەولێر:

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکەی داعش لە سنووری گوندی کەپرانی گوێڕ، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، لیوای 21ی پیادە، لە سنووری چالاکی لیواکەیان، دوو ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی داعشیان ئەنجام داوە.

راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ئێوارەی رۆژی هەینی 12ـی ئایاری 2023 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: دوای ئەوەی دوێنێ تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەری سوپای عێراق، گومان دەکرا کە دزەیان کردبێتە سنووری هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ بەرواری 12ی ئایاری 2023 کاتژمێر 07:30 بەیانی لیوای 21ی پیادە، لە سنووری چالاکی لیواکەیان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان ئەنجام دا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، فەوجی 2ی لیوای 21ی پیادە و سریەی کۆماندۆ بەشداربوون و، ناوچەی زێی گوێڕ و ناو چەم و رووبارەکانی گوێر کیوماڵ کراون، "بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە چڕ بوون گومانی زیاتریان لێ دەکرا".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "کاتژمێر 10:30  ئۆپەراسیۆنی بەیانی کۆتایی هات، پاشان دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ زیاتر دڵنیا کردنەوەی هاووڵاتییان و دانیشتووانی ناوچەکە دەڤەرەکە، کێوماڵ کرایەوە."

هێزەکانی پێشمەرگە هاووڵاتییانی ناوچەکە دڵنیا دەکەنەوە، ناوچەکە ئارامە و هەموو هەوڵێک دەدەن، ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و خەڵک بپارێزن.

ئەمڕۆ هەینی، مەسعود نووری، بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕ بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە 11ـی ئایاری 2023، ژمارەیەک چەکداری سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سنووری گوندی کەپران، هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، شەش چەکدار لێیان کوژران.

هاوکات پەیامنیری کوردستان24 لە گوندی کەپرانەوە رایگەیاند، پێنج چەکداری داعش لە سنووری ئەو گوندە بیندراون و دانیشتووانی "کە زۆرینەیان کوردن" هاوشانی هێزەکانی پێشمەرگە چەکیان هەڵگرتووە و رووبەڕووی چەکدارانی داعش دەبنەوە و جار بە جار دەنگی تەقە دەبیسترێت.

لای خۆیەوە، سالار ئەسعەد، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری هێزی پێشمەرگە هاتوونەتە گوندی کەپرانی سەر بە گوێڕ و، وەکو خۆی دەڵێت،  چەکدارانی داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا وەردەگرن، کە لە سنووری ئەو گوندە بوونی هەیە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندەکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی دوو هەفتەیە چەکدارانی داعش لە سنووری ئەو گوندە چوار کەسیان رفاندووە و یەکێکیان کە ئامۆزاکەی بووە، کوشتوویانە.