لە گوندێکی گوێڕ هێزەکانی پێشمەرگە رووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەوە

هێزەکانی پێشمەرگە لەنێو گوندی کەپرانی سنووری گوێڕ | وێنە: ئازەر فارووق - کوردستان24
هێزەکانی پێشمەرگە لەنێو گوندی کەپرانی سنووری گوێڕ | وێنە: ئازەر فارووق - کوردستان24

K24 - هەولێر:

لە گوندی کەپرانی سەر بە شارەدێی گوێڕ، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی پێشمەرگە روویدا. بەڕێوەبەری شارەدێیەکەش دەڵێت، دوێنێ پێنجشەممەش لەو سنوورە داعش هێرشی کردووەتە سەر حەشدی شەعبی و شەش چەکداریان لێ کوژاروە.

ئەمڕۆ هەینی 12ـی ئایاری 2023، مەسعود نووری، بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕ بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە 11ـی ئایاری 2023، ژمارەیەک چەکداری سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سنووری گوندی کەپران، هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، شەش چەکدار لێیان کوژران.

بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕ ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەمیانی هێرشە چەکدارییەکەی دوێنێ پێنجشەممە، چەکدارانی داعش شوانێکی گوندی کەپرانیان رفاند و ئەمڕۆ ئازادیان کرد.

هەر ئەمڕۆ هەینی، پەیامنیری کوردستان24 لە گوندی کەپرانەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنج چەکداری داعش لە سنووری ئەو گوندە بیندراون و دانیشتووانی "کە زۆرینەیان کوردن" هاوشانی هێزەکانی پێشمەرگە چەکیان هەڵگرتووە و رووبەڕووی چەکدارانی داعش دەبنەوە و جار بە جار دەنگی تەقە دەبیسترێت.

 

 

یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندەکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی دوو هەفتەیە چەکدارانی داعش لە سنووری ئەو گوندە چوار کەسیان رفاندووە و یەکێکیان کە ئامۆزاکەی بووە، کوشتوویانە.

گوندنشینێکی دیکەی ئەو گوندە دووپاتیکردەوە، پارێزگاری لە گوندەکەیان دەکەن و رووبەڕووی چەکدرانی داعش دەبنەوە و، وەکو خۆی دەڵێت، ماوەی چەند شەوێکە بەچەکەوە لەسەر بانی خانووەکانیانن و پارێزگاری لە گوندەکەیان دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی کورد بە مەبەستی راوە ماسی چوونە سەر زێی گوێڕ، لەلایەن ژمارەیەک چەکداری داعشەوە رفێندران، یەکێکیان کوژرا و ئەوەی دیکەشیان رزگارکرا.