فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە گوندی کەپران: داعش سوود لە بۆشایی ئەمنی وەردەگرێت

فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە
فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە

K24 - هەولێر:

فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، چەکدارانی داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەردەگرن کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری گوندی کەپرانی سەر بە گوێڕ هەیە. دووپاتیشی دەکاتەوە، "ئێستا دۆخی گوندی کەپران ئارامە و ئەگەر پێویست بکات هێزی زیاتری پێشمەرگەش دەهێنینە ناوچەکە".

ئەمڕۆ هەینی 12ـی ئایاری 2023، سالار ئەسعەد، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری هێزی پێشمەرگە هاتوونەتە گوندی کەپرانی سەر بە گوێڕ و، وەکو خۆی دەڵێت،  چەکدارانی داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا وەردەگرن، کە لە سنووری ئەو گوندە بوونی هەیە.

مەسعود نووری، بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕ بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە 11ـی ئایاری 2023، ژمارەیەک چەکداری سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سنووری گوندی کەپران، هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، شەش چەکدار لێیان کوژران.

بەگوتەی سالار ئەسعەد، دوای شەڕەکەی دوێنێی نێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی حەشدی شەعبی، هێزەکانی پێشمەرگە هاتوونەتە گوندی کەپران و دڵنییایی دەدەنە گوندنشینان، بارودۆخی ئێستای گوندەکە ئارامە، پارێزگارییان لێدەکەن و بەتەنها بەجێیان ناهێڵن "ئەگەر پێویستیش بکات هێزی زیاتری پێشمەرگە دەهێنینە ناوچەکە". 

لای خۆیەوە عەقید لەشکەر عەلی، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، دوای شەڕەکەی دوێنێ، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لەو ناوچەیە دەستپێکردووە، کە دەکەوێتە نێوان خۆیان و سوپای عێراق بە مەبەستی کێوماڵکردنی چەکدارانی داعش، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، هیچ چەکدارێکیان نەدۆزیوەتەوە.

 

 

ئەمڕۆ هەینی، پەیامنیری کوردستان24 لە گوندی کەپرانەوە رایگەیاند، پێنج چەکداری داعش لە سنووری ئەو گوندە بیندراون و دانیشتووانی "کە زۆرینەیان کوردن" هاوشانی هێزەکانی پێشمەرگە چەکیان هەڵگرتووە و رووبەڕووی چەکدارانی داعش دەبنەوە و جار بە جار دەنگی تەقە دەبیسترێت.

یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندەکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی دوو هەفتەیە چەکدارانی داعش لە سنووری ئەو گوندە چوار کەسیان رفاندووە و یەکێکیان کە ئامۆزاکەی بووە، کوشتوویانە.

 

 

گوندنشینێکی دیکەی ئەو گوندە دووپاتیکردەوە، پارێزگاری لە گوندەکەیان دەکەن و رووبەڕووی چەکدرانی داعش دەبنەوە و، وەکو خۆی دەڵێت، ماوەی چەند شەوێکە بەچەکەوە لەسەر بانی خانووەکانیانن و پارێزگاری لە گوندەکەیان دەکەن.

پێشتر، رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی کورد بە مەبەستی راوە ماسی چوونە سەر زێی گوێڕ، لەلایەن ژمارەیەک چەکداری داعشەوە رفێندران، یەکێکیان کوژرا و ئەوەی دیکەشیان رزگارکرا.