تەندروستی عێراق دە هۆکار بۆ مردن ئاشكرادهكات

K24 - هەولێر:
وەزارەتی تەندروستی عێراق، دە هۆکاری مردنی لە عێراق لە ماوەی ساڵی 2022 دەستنیشانکردووە، بەپێی ئەو داتابەیسەی کە لە وەزارەت تۆمارکراوە، حاڵەتەکان، کە لەلایەن دامەزراوە تەندروستیی، پزیشکی و دادوەرییەوە بە ڕێژەی %67 وەرگیراون.
ئەمڕۆ شەممە (20ــی ئایاری 2023)، ساڵح مەهدی ئەلحەسناوی، وەزیری تەندروستی حکومەتی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا دهڵێت: "مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە پلەی یەکەمی بەڕێژەی 11% بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا سێ هۆکاری مردن بەڕێژەی 9% لە پلەی دووەمدا هاتوون، ئهوانیش بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی خوێنبەرەکانی مێشک و جۆرەکانی دیکەی نەخۆشیی دڵ".
ئەلحەسناوی ئاماژەی بەوەشکرد، "به رێژەی 7%ی ئەو مردنانەی كه تۆمارکراون، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرەوەیە، لەکاتێکدا مردن بەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلە نزیکەی 6% بووە". هەروەها گوتیشی: "بەڕێژەی 4% مردن بههۆكارهكانی تێکچوونی هەناسەدان و دڵ و خوێنبەرەکان تۆمارکراوە، لەکاتێکدا مردن بەهۆی نەخۆشییە بەکتریاکانی دیکە بەڕێژەی 4% و بەهۆی وەرەمی ئەندامەکانی هەرسەوە بەڕێژەی %2 بووە.
وەزیری تەندروستی عێراق، جەختی لەوەشکردەوە، "وەزارەتەکەی کار لەسەر ئامادەکردنی داتابەیسێکی یەکگرتوو لە سەرتاسەری عێراق دەکات، لەسەر مردن، لەدایکبوون و نەخۆشیەکان لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ ئامادەکردنی نەخشە رێگای ساڵانە، کە لەڕێگەیەوە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەشبکات و پەرە بە واقیعی تەندروستی بدات".
ئەلحەسناوی جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوون بە بەرنامەکانی خۆپارێزی و زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان کردەوە، هەروەها پێداچوونەوە بە دامودەزگا تەندروستییەکان بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی فراوانکردنی بەرنامەکانی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی وەزارەتی تەندروستی بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان و زیادبوونی ژمارەی سەنتەری تایبەتمەند .