چەند فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی سان فلاوەردا نمایش دەکرێن

K24 - ئەنقەرە

بۆ یەکەمین جار فێستیڤاڵی گوڵەبەڕۆژە (sun flower) لەژێر ناوی "فەرهەنگ، ئاشتەوایی و سرووشت" لە وڵاتی فینلەند بەڕێوەدەچێت و لە فێستیڤاڵەکەدا چەند فیلمێکی کوردی نمایش دەکرێن.

لە فێستیڤاڵی سان فلاوەردا، نمایشی کورتە فیلمی (هیوا) لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد مۆژگان کاویسی وەکوو یەکەم فیلم نمایش دەکرێت، فیلمەکە بە زمانی کوردییە و ژێرنووسی ئینگلیزی بۆ کراوە، ماوەی فیلمەکە 15 خولەکە، کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری خەیاڵی هیوا، ژیانی مامۆستایەکی کوردە کە باس لە مەترسی لە ناوچوونی زمانی کوردی ئەو کوردانە دەکات کە لە ماوەی سەدەکانی رابردوودا کۆچیان کردووە، بۆ ناوچەی کەلاردەشتی پارێزگای مازەندەرانی ئێران، فیلمەکە قەیرانی شوناسە زمانەوانییەکان بیردەخاتەوە و ئامانجی چاندنی کولتوورێکە بۆ رێگریکردن لە لەناوچوونی کولتوور و زمان.

 هەروەها فیلمی بالۆرە یەکێکی ترە لەو فیلمە کوردیانە کە باس لە بالۆرەی کوردی دەکات، بالۆرە، جۆرێکە لە گۆرانی گوتنی کۆن و لە لایەن ژنانی کوردەوە گوتراوە و  ئێستا لە بیر کراوە. ئەم جۆرە گوتنە نۆتەکانی بە تەکنیکێکی جیاواز لێدەدرێت، بە پەنجەی دەست دەست لە سەر ژێکانی گەروو دادەنرێت و بە لابردن و دانانی پەنجەکان نۆتەکان دەگۆردرێن. عەبدوڵغەیدرخالیدی دەرهێنەری ئەم فیلمەیە.

رەسوڵ خوڕەم، دامەزرێنەری ئەم فێستیڤاڵە رایگەیاند: لەم فێستیڤاڵەدا 20 کورتە فیلم وفیلمی درێژ بە زمانەکانی کوردی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی و سویدی نمایش دەکرێن. جگە لە نمایشکردنی فیلمەکان، چەند پانێلێک بەڕێوەدەچێت لەسەر فیلم رەخنەی فیلم. ئەم فێستیڤاڵە بڕیارە هەموو ساڵێک لە وڵاتی فینلەند بە هاوکاری مۆزەخانەی کۆمەڵناسی هێلێنا راڤاتاڤارا بەڕێوەبچێت.

فێستیڤاڵەکە دوێنێ 23ی ئایاری 2023 دەستیپێکردووە و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.

بەشێک لە ناوی فیلمە کوردییەکانی بەشدار بوو لە فیستیڤاڵەکەدا:

-هەنگاو بنێن، دەرهێنەران مازین شێربەیانی و ئاریان ساڵح.

-حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس، لە دەرهێنەر پەرویز روستەمی.

-نەرم وەک کانزا، لە دەر‌هێنانی سەیوان سەعدیان.

-پێنجەم نێرگز، لە دەرهێنانی سەرکەوت نیکدڵ.

-میرکۆت، دەرهێنەر سیدات کران.