سوپای سوودان دانوستانەکانی جەددەی هەڵپەسارد

دیمەنێکی خەرتوومی پایتەختی سوودان
دیمەنێکی خەرتوومی پایتەختی سوودان

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی سوودان بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاند، سوپای سوودان بەشداریکردنی خۆی لە دانوستانەکانی جەددە سەبارەت بە ئاگربەست و دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان هەڵپەسارد.

ئەمەش دوای دوو رۆژ دێت لە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی پێنج رۆژی دیکە لەسەر بنەمای یەکەمی ئاگربەست کە لە 20ی ئایار ئەنجامدرا و بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام بوو.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، نووسینگەی کاروباری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەمەریکا و سعوودیە پێشوازییان لە رێککەوتنی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوانیان بۆ ماوەی پێنج رۆژ کردووە.

دانوستانەکان لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا پابەندبوون بە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و هەروەها دوو ئاگربەستی کورت خایەن کە چەندین جار پێشێلکراون.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئێوارەی سێشەممە، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "بەردەوام دەبین لە پابەندبوونمان بە ئاگربەست و کارێکی زۆر دەکەین بۆ سەرکەوتنەکەی، هەروەها ئەولەویەتەکانمان چۆنیەتی چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی دەبێت".

لە 15ی نیسانەوە، ململانێ و شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵداوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی 1800 کەس و ئاوارەبوونی 1.4 ملیۆن کەس لە ناوخۆ، هەروەها نزیکەی 350 هەزار کەسی دیکەش هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ.

هاووڵاتیانی سوودان بەدەست کەمی سەرچاوەی خۆراک و ئاوی خواردنەوە و پچڕانی کارەبا و پەیوەندییەکانەوە دەناڵێنن.