کەسوکاری شەهید هاوکار جاف: دادگا سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ شەش لە تاوانبارانی شەهیدکردنی هاوکار دەرکرد

K24 – هەولێر

کەسوکاری شەهید هاوکار جاف رایانگەیاند، دادگای هەولێر بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ شەش لە تاوانبارانی شەهیدکردنی هاوکار جاف دەرکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی حوزەیرانی 2023، محەممەد جاف، برای شەهید هاوکار جاف له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌سه‌ر گۆڕی براکەی له‌ هه‌ولێر، ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ ئامادەی دانیشتنی دادگای هەولێر بوون لەبارەی شەهیدکردنی هاوکاری برایان، داداگا بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ شەش لە تاوانباران دەرکرد و دوو تۆمەتباری دیکەش ماون و هێشتا دادگا چارەنووسیان یەکلانەکردووتەوە. 

برای شەهید هاوکار جاف، سوپاسی دامودەزگا ئەمنییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە تاوانی شەهیدکردنی براکەیان.

رۆژی 7/10/2022، لە رێگەی بۆمبێکی لکێنراو، عەقید هاوکار جاف ئەفسەر لە هێزەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردسیان لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر کرایە ئامانج و شەهید کرا،و چەند کەسێکی خێزانەکەشی برینداربوون.