مەسعود مەلا پەروێز: لە کەرکووک ستەم لە کورد و تورکمان دەکرێت

مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی کەرکووک پارتی
مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی کەرکووک پارتی

K24 – هەولێر:

بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی کەرکووک پارتی، رایدەگەیەنێت، تەعریب کردن تا دێت لە کەرکووک فراوانتر دەبێت، هاوکات راشیگەیاند، هاوشێوەی کورد تورکمانیش لە کەرکووک زۆر ستەمی لێدەکرێت و بەردەوام گەڕەکەکانیان تەعریب دەکرێت.

مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی کەرکووک پارتی، لە میانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ــی کوردستان24، رایگەیاند، کەرکووک شاری پێکەوە ژیان بووە، چەندین ئاینزاو نەتەوەکان تێیدا ژیانە بێ کێشە، بەڵام ئەو کێشانەی ئەم دوواییە وای کردوە دۆخی کەرکووک لە لێواری ئاڵۆزبووندا بێت.

هەروەها راشیگەیاند، "ئەگەر چارەسەری کێشەکان نەکرێت لە کەرکووک وەکو حزب و لایەنە کوردستانییەکان لەوانەیە شەقامی کەرکووک بجوڵێنین و بیدەنگ نابین لە بەرامبەر مافەکانمان".

لەبارەی هاووڵاتیانی تورکمان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی کەرکووک پارتی، ئاماژەی بەوەدا، ئێستا مەترسەیەکە لەسەر تورکمانیشە هاوشێوەی کوردەکان، ئەوان لە رابردوودا هەستیان پێنەدەکرد، هەروەها ئێستا تەعریبکردنەکان زۆرینەی لە گەڕەکە تورکماننشینەکان ئەنجامدەدرێت.

جەختی لەوەشکردەوە، کورد و تورکمان پێکەوە زوڵمیان لێکراوە. گوتیشی: "پێویستە تورکمانیش یارمەتیمان بدەن و پاڵشتیمان بکەن لە جێبەجێکردنی ماددەی 140، چونکە جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە سوودی بۆ تورکامانەکانیش دەبێت و کێشەکانیان چارسەردەکات".

مەسعود مەلا پەروێز، لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی روونکردەوە، مەترسی ئاڵۆتزربوونی دۆخی کەرکووک لە ئارادایە، چونکە خەڵکی کەرکووک بەرگەی ئەو هەموو زوڵم و زۆردارییە ناگرن، "ئەگەر بارودۆخەکە چارەسەرنەکرا هەمووان کورد و تورکمان تێکڕا دەست دەکەین بە خۆپیشاندان".

بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی کەرکووک پارتی، گوتی: لە دوای 16ــی ئۆکتۆبەرەوە زۆرترین ستەم بەرامبەر کوردانی دانیشتووی کەرکووک دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە (4ـی حوزەیرانی 2023)، جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک لە خۆپیشاندانێکدا داوایانکرد ئەو زوڵمەی بەرامبەریان دەکرێت رابگیرێت.

لە جووتیارانی کورد و تورکمان لە یاداشتێکدا باسیان لەوەکرد بە بڕیاری قیادە سەورەی سەردەمی رژێمی بەعس مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، داوا دادگای باڵا و حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی شارەکە کرد، لە هەر بڕیارێک لەبارەی زەوی و زاری ئەو شارە پرس و راوێژیان پێبکرێت، دەشڵێن: ئەوانەی ئێستا بڕیار دەدەن نوێنەری ئێمە نین، با خۆمان بڕیار لەسەر زەوی و زاری خۆمان بدەین و نەگەین بەو رۆژەی لە دژتان بوەستینەوە".

لە بەشێکی یاداشتەکەدا هاتووە: "40 ساڵ لەمەوبەر زەوییەکانمان بە بڕیارێکی رژێمی بەعسی لەناوچوو دەستیان بەسەردا گیراوە، زەوییەکانمان دابەشکراون بەسەر هەندێک خەڵکی تر تەنانەت بەشێک لەوانەی هێنراونەتە سەر زەوییەکانمان خەڵکی ئێرە نین و لە شوێنی تر هێنراون، هەموو ئەوانەی کراوە لەژێر ناوی بەرژەوەندی گشتی کراوە"و و داواش دەکەن، هەر بڕیارێک لەسەردەمی رژێمی بەعس دراوە دەبێت هەڵبوەشێندرێتەوە.