لەندەن داوا لە پەکین دەکات ناوەندەکانی "پۆلیسی نهێنی" لە بەریتانیا دابخات

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە، تۆم توگێندات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا، لە راگەیندراوێکدا بۆ پەرلەمانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی بەریتانیا "فەرمانی بە چین کردووە" ئەو ناوەندانەی "پۆلیسی نهێنی" دابخات کە لەسەر خاکی بەریتانیا کاردەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیندراوەکەدا باسی لەوەشکرد، "باڵیۆزخانەی چینیان لە لەندەن ئاگادارکردووەتەوە کە هەر چالاکییەک پەیوەندی بە وێستگەکانی خزمەتگوزاری پۆلیسەوە هەبێت لە بەریتانیا قبوڵکراو نییە و نابێت بە هیچ شێوەیەک بەڕێوەبچێت".

لە راگەیندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "باڵیۆزخانەی چین لە لەندەن وەڵامی داوەتەوە کە هەموو ئەو وێستگانە بۆ هەمیشە داخراون".

راپۆرتە میدیاییەکان باسیان لە بوونی بنکەی پۆلیسی نهێنی چینی لە بەریتانیا کردووە، کە حکومەتی چین بۆ راوەدونانی ئۆپۆزسیۆن لە بەریتانیا بەکاری دەهێنن.