سیپان شێروانی: دانیشتنی پەرلەمان راگیراوە تا ئەو کاتەی لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن

سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران
سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، دانیشتنی ئێستای پەرلەمانی عێراق راگیراوە، چاوەڕواندەکرێت لایەنەکان گفتوگۆبکەن و رێکبکەون تا دووبارە دانیشتنی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە.

سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ بایکۆتکردن نییە، هێشتا دەرگای رێککەوتن و گفتوگۆ کراوەن.

هەروەها راشیگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق راگیراوە تا ئەو کاتەی لایەنەکان گفتوگۆ دەکەن و رێککدەکەون، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردتسان بایکۆتی کۆبوونەوەکانی نەکردووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختی لەوەکردەوە، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین لە بودجەدا کە ئەو گۆرانکاریانەی دوایی لیژنەی دارایی لەسەر ماددەکانی 13 و 14 جێبەجێنەکرێت، بەڵکو هەندێک گۆرانکاری نوێ دەکرێت چونکە پێشنیازی نوێ هەیە.

لە کۆتایی قسەکانیدا سیپان شێروانی، رایگەیاند، هەر بڕگەیەک هەبێت دژی هەرێمی کوردستان ئێمە لە نێو دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمان هەموو هەوڵێک دەدەین بیوەستێنین و داواکارییەکانی لیژنەی دارایی پەسەندنەکرێت.

کاتژمێر 07:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی کۆبوونەوەی پەرلەمانی راگرت و هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.

هاوکات فراس موسلماوی، ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لیژنەی دارایی پەرلەمان لەکۆبوونەوەدایە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر هەردوو ماددەی 13 14ـی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بکەن کە رێککەوتنی لەسەر کراون.

کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 06:30 دەستیپێکرد و پێشتریش کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆ بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە نەکرا. 

دوای چەندین جار دواخستن، دواجار دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و بە ئامادەبوونی 258 ئەندام ئێوارەی پینجشه‌ممه‌ 8ـی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆی 67 ماددەی پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە کـرا و تێیدا ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندکران، ماددەی چوارەم لابرا و دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا.

دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساکە، سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، محەمەد حەلبووسی دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دواخست و دووباره‌ به‌هۆی نوێژی هه‌ینی، كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتژمێر 3:00ـی ئێواره‌ دواخرا. ئێستاش دووبارە زەنگی جوونە ژوورەوە بۆ پەرلەمانتاران لێدرا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە دەستپێبکاتەوە.