عێراق و ئوردن لەسەر پیشەسازی دەرمان رێککەوتن

ساڵح مەهدی حەسناوی و فیراس ئەلهەواری
ساڵح مەهدی حەسناوی و فیراس ئەلهەواری

K24 - هەولێر

ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەسەر ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی لە پیشەسازییەکانی دەرمان لەگەڵ ئوردن رێککەوتوون.

ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئوردنییەکەی، فیراس ئەلهەواری، گوتی: وەزارەتی تەندروستی عێراق بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکومەت، لەوانەش هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست، لە هەموو روویەکەوە، لەوانەش ئوردن .

حەسناوی، ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئامادەبوونی ستافی پێشکەوتووی هەردوو وەزارەت، لەو ماوەیەدا رێککەوتووین لەسەر هاوکاریکردن لە بواری راهێنان و پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و پیشەسازی دەرمانسازی، دەشڵیت:  سوود وەردەگرین لە شارەزایانی ئوردن لە بواری دەرمان و ئاسانکاری خوێندن و  پەروەردەی پزیشکی بۆ خوێندکارانی عێراقی لە ئوردن، بە شێوەیەک بۆ پێشخستنی لایەنی زانستی.

لای خۆیەوە فیراس ئەلهەواری، وەزیری تەندروستی ئوردن، جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە سەرکەوتوو و کاریگەر بوو لەنێوان هەردوو وڵاتدا، هەروەها هاوکاری لە هەموو روویەکەوە بە تەندروستییەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام دەدرێت.