پرۆژه سیاسی و یاساییه‌كه‌ی به‌غدا
له سه‌رده‌می كابینه‌كانی نووری مالیكی و دواتر حه‌یده‌ر عه‌بادیدا، كاتێك ناكۆكیی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروست ده‌بوو، به‌غدا هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی له به‌رانبه‌ر هه‌ولێردا ده‌كرد، دواجار هه‌ڕه‌شه‌كان بوون به كردار و له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا به پاڵپشتیی گرووپێكی یه‌كێتی، به‌غدا سه‌ره‌تا هێرشی سه‌ربازی كرده سه‌ر كه‌ركووك و دواتر به ئاڕاسته‌ی هه‌ولێر و دهۆكیش جووڵه‌ی به هێزێكی گه‌وره كرد كه له رۆژی یه‌كه‌می هێرشه‌كه‌یدا به‌شێكی خاكی كوردستان به‌هۆی پاشه‌كشه، دروستتر چۆڵكردنی سه‌نگه‌ره‌كان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتییه‌وه، كه‌ركووك و رووبه‌رێكی فراوانی خاكی پارێزگه‌ی كه‌ركووك كه‌وته ژێر هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه له پردێ و سحێلا به به‌رگریی پێشمه‌رگه به‌رنامه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر وه‌ستێندرا، به‌ڵام له فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانێتی به‌غدا كۆی به‌رنامه‌ی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌وه‌ستاوه، ته‌نیا شێوازی جێبه‌جێكردنی گۆڕدرا.
به‌غدا ده‌زانێت هێرشی سه‌ربازی له دژی هه‌ولێر دوو جار زیانی بۆی ده‌بێت، جارێك كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دێته ده‌نگ و رەنگه بابه‌تی ناوچه‌ی دژه‌فڕین زیندوو بكرێته‌وه، جارێكی دیكه خودی سوپای عێراق توانای شه‌ڕی سه‌ربازی له به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌دا نییه، گریمان به‌غدا ویستی هاوكێشه‌یه‌كی سیاسی و جوگرافی و ئابووری به به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بگۆڕێت، ئه‌وه ئاسان نابێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ردا جگه له‌و ناوچانه‌ی به بڕیاری گرووپێكی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی رادهستكران، به‌ڵام ناوچه‌كانی دیکەی كوردستان بوونه گۆڕه‌پانی شه‌ڕێكی سه‌خت و دواجار عێراق خۆی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی سه‌ربازی له به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌دا پاراست و پاشه‌كه‌شه‌ی له ئیراده‌ی هێرشه‌كانی كرد.
له ئێستا و داهاتوویه‌كی نزیكدا فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانێتی به‌غدا له دژایه‌تیكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستاندا له هێرشی سه‌ربازییه‌وه بۆ شه‌ڕی یاسایی و په‌رله‌مانی به ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕدرێت و سوود له بڕیاره سیاسییه‌كانی دادگه‌ی فیدراڵی و لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق وه‌رده‌گرن و به ئاره‌زووی خۆیان بڕیاری به‌رژه‌وه‌ندخوازانه له دژی كورد ده‌ده‌ن، له‌م قۆناغه‌دا وه‌ك ده‌ستپێكی پرۆژه‌یه‌كی سیاسی (عێراق – ئێران) ئابووریی هه‌رێمی كوردستان به ئامانجگیراوه، تا ئه‌و ئاسته‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێت كوردستان له رێگه‌ی سفركردنه‌وه‌ی ئابوورییه‌كه‌وه به بارمته بگرێت و دواتر خودی قه‌واره‌كه‌ش بخاته نێو ئه‌و شه‌ڕه سیاسی و یاسایییهی په‌رله‌مان كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له ره‌گه‌زپه‌رستییه‌وه دروست بووه، ئه‌وه‌ی به‌غدا به‌رانبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات، پێش ئه‌وه‌ی دژی حیزبێكی سیاسیی كوردی بێت، به ته‌واوه‌تی پرۆژه‌یه‌كی سیاسییه و، دۆزی كوردی به ئامانج گرتووه.
له پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراقدا به ئاشكرا ئه‌و شه‌ڕه یاساییه ده‌ستیپێكردووه، به‌داخه‌وه یه‌كێتیی نیشتمانی بێئاگایانه یان به ئاگاییه‌وه چووه‌ته نێو ئه‌و گرووپه ره‌گه‌زپه‌رسته جێبه‌جێكاره‌ی پرۆژه سیاسی و یاساییه‌كه‌ی به‌غداوه، سه‌رئه‌نجام ته‌نیا یه‌كێتی تێیدا زیانمه‌ند نابێت، كۆی پرۆسه‌ی سیاسی و دۆزی كورد به گشتی زیانی گه‌وره‌ی به‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك چۆن له 16ی ئۆكتۆبه‌ردا ئه‌و گرووپه‌ی یه‌كێتی پێیانوابوو ئه‌گه‌ر بچنه پاڵ به‌غدا و كه‌ركووك راده‌ست بكه‌ن، دواتر كه‌ركووك ده‌ده‌نه‌وه به یه‌كێتی و له سلێمانییه‌وه پۆسته‌كانی كه‌ركووك دیاری ده‌كرێن، كه‌چی دواتر نه‌ك هه‌ر كه‌ركووك نه‌درایه‌وه یه‌كێتی، ته‌نانه‌ت ده‌بێت سه‌ركرده باڵاكانی یه‌كێتی به مۆڵه‌ت بچنه شاره‌كه‌وه، ئێستاش ئه‌گه‌ر جوان لێی وردبینه‌وه ده‌بینین كه‌ركووك و سنووری پارێزگه‌كه وه‌ك خاكێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستان به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئه‌و گرووپه‌ی یه‌كێتییه‌وه له‌لایه‌ن به‌غداوه داگیر كرا و له سه‌رجه‌م كورد رۆیشتووه و پرۆسه‌ی به عهرهبكردنیش تێیدا له لووتكه‌دایه، به هه‌مان شێوه ئه‌و پاڵپشتییه‌ی ئێستای یه‌كێتی له گرووپه عه‌ره‌به‌كانی به‌غدا، زیانه‌كه‌ی به‌ر جه‌سته‌ی كۆی ئه‌زموون و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و به خودی یه‌كێتیشه‌وه ده‌كه‌وێت، له دیدی به‌غدا ته‌واوی قه‌واره‌ی كوردستان به ئامانجگیراوه نه‌ك حیزبێكی دیاریكراو به ته‌نیا، كه‌چی یه‌كێتییه‌كان وا له خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نن ئه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌گوزه‌رێت ده‌ستكه‌وته بۆ كورد، له‌كاتێكدا خۆیان زۆر باش ده‌زانن به پاڵپشتییه‌كانیان له به‌غدا، پرۆژه‌ی لاوازكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و ته‌عریبكردنی كوردستان خێراتر و ته‌واو ده‌كات.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگ و پێویسته كورد هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكات، خودی شه‌ڕه گه‌وره‌كه‌ی به‌غدایه له دژی داهاتووی كورد له عێراقدا، له ئێستاوه ده‌بێت كورد خۆی بۆ شه‌ڕی جیاوازتر له‌و شه‌ڕانه‌ی پێشوو و ئێستاش ئاماده بكات، شه‌ڕه‌كانی داهاتووی به‌غدا له دژی كورد، شه‌ڕی یاسایی و ده‌ستووری و په‌رله‌مانی ده‌بن و بڕیاره‌كان به‌پێی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و دادگه‌یی یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌و رێككه‌وتن و شهراكهتانهی له‌گه‌ڵ كورد هه‌بوون، هه‌موویان ده‌كه‌ونه به‌ر شه‌پۆلی ئه‌و پرۆژه سیاسییه‌ی به‌غداوه، بۆیه گرنگه كورد به پرۆژه‌ی نوێ رووبه‌ڕووی پرۆژه‌كه‌ی به‌غدا ببێته‌وه.