حەیدەر شەشۆ: حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لەبەرامبەر جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەیی هێزی ئێزیدخان
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەیی هێزی ئێزیدخان

K24 - هەولێر

حەیدەر شەشۆ حکومەتی عێراق بە بەرپرسیار لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال دەزانێت و دەڵێت، ئەو هێزە چەکدارانەی شارەکەیان بەدەستەوەیە رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی حوزەیرانی 2023، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەیی هێزی ئێزیدخان لەبارەی هەوڵی لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەڵێن، پشتگیری لە رێککەوتنی شنگال دەکەن و دەیانەوێت جێبەجێبکرێت، "بەڵام قسەکردن بە تەنها بەس نییە و دەبێت ئەو قسانە بکرێنە کردار".

بەگوتەی حەیدەر شەشۆ، ناکۆکییەکانی نێوان حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارتی و یەکێتی، کاریگەری لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم رێککەوتنەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەت رێککەوتنی شنگال، بۆیە داوا دەکەن رێککەوتنی شنگال لە ململانێیە سیاسییەکان جیابکرێتەوە.

ئەو فەرماندەیەی هێزی ئێزیدخان جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال دەخاتە ئەستۆی حکومەتی ئێستا عێراق و دەڵێت، ئەو هێزە چەکدارانەی لە شنگال هەن و ئێستا شارەکەیان بەدەستەوەیە، رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی باب و باپیریان دکەن.

ئەم لێدوانانەی حەیدەر شەشۆ لە کاتێکدان، ئەمڕۆ سێشەممە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا ئاشکرا کرد و لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال؛ رێبەر ئەحمەد هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ زێدی خۆیان بۆ رێگری "ئەو هێزانەی بەدەر لە یاسا  شنگالیان کۆنتڕۆڵکردووە، بە پەکەکە و ئەو میلیشیانەی لەو شارە بوونیان هەیە" گەڕاندەوە.

رێبەر ئەحمەد بە ئاماژەدان بەوەی، ئەو هێزانە رێگری سەرەکین لە بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، گوتیشی، "لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لە پەیوەندی بەردەوام داین لەگەڵ حکومەتی عێراق و دۆستانمان لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریکا  پشتگیری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکەن، بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان". 

رۆژی سێشەممە 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووی عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، ئەوانیش:

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.