گەنجێک لە کەرکووک بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لەدەستدا

وێنەی ئاری یوسف، لە کاتی نەخۆشیەکە و پێشتر
وێنەی ئاری یوسف، لە کاتی نەخۆشیەکە و پێشتر

K24 - کەرکووک:

لە کەرکووک ئەو گەنجە 28 ساڵانەی بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە دەرزییەک لەنێو ددانیدا بەجێمابوو و دواتر تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، گیانی لەدەستدا.

ئاری یوسف ساڵی 2017 بۆ چارەسەری ددانی، سەردانی پزیشک دەکات بەڵام دوای چوار مانگ دەردەکەوێت دەرزییەک لەنێو ددانیدا بەجێماوە، کەسوکارەکەشی پزیشکەکان تۆمەتباردەکەن بەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بووە.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 دچێتە پرسەی ئاری یوسفی تەمەن 28 ساڵان، کە ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵ بەدەست نەخۆشیەکەوە دەیاناڵاند هەروەک کەسوکارەکەی دەڵێن بەهۆی هەڵەیەکی پزیشکییەوە تووشی هات و هەر بەهۆیەشەوە کۆچی دواییکرد.

ئاری یوسف پێش ئەوەی کۆچی دواییبکات، چەند مانگێک پێش ئێستا قسەی بۆ کوردستان24 کرد و باسی نەخۆشییەکەی کرد، کاتێک ساڵی 2017 سەردانی پزیشکی ددانی کردووە بەڵام پزیشکەکان بەهەڵە دەرزییەک بۆ ماوەی چوار مانگ لەنێو ددانی بەجێدەهێڵن، دواتر هەمان پزیشک چەند نەشتەرگەرییەکی بۆ دەکات و لە یەكێک لەو نەشتەرگەرییانە دەستکاری گرێیەکی شێرپەنجە دەکات و بەوهۆیەوە تووشی شێرپەنجەدەبێت.

دایکی ئاری بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ کوڕەکەی بەم دەردەوە دەیناڵاند، سەرەتا بەشێک لە روخساری تێکچوو و چاوێکی لەدەستدا، بەڵام لەم دوو مانگەی کۆتاییدا دۆخی تەندروستی بەتەواوی تێکچوو و چاوەکەی دیکەشی بینایی لەدەستدا، ئێستاش دەیانەوێت دادگا مافیان بۆ وەربگرێتەوە.

نەرمین فازڵ، دایکی ئاری یوسف دەڵێت، "دەمەوێت یاسا حەقی کوڕەکەم بۆ وەربگرێتەوە و ئەوەی وای بەسەر کوڕەکەم هێنا سزا بدرێت".

کەسوکارەکەشی دەڵێن، پزیشکەکەی دوای ئەوەی زانیویەتی دەرزیەکیان لەنێو ددانی جیهێشتووە لەهەمان نۆرینگە نەشتەرگەرییان بۆ کردووە کە پسپۆڕی ئەو نەبووە. هەروەها سەندیکای پزیشکانی ددان و لایەن پەیوەندیدارەکان بە کەمتەرخەم دەزانن، لەوەی تا ئێستا دۆسیەی کورەیان یەکلاینەکراوەتەوە

کامیل فازڵ، خاڵی ئاری یوسف دەڵێت، "زوڵمێکی زۆریان دەرحەق بەم کوڕەی ئێمە کردووە و داوادەکەین لایەن پەیوەندیدارەکان بێنە سەرخەت".

کوردستان24 پێشتریش بەدواداچوونی بۆ ئەو دۆسیەیە کردووە و جارێکی دیکەش پەیوەندی کرد بەو پزیشکەی کە نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەو گەنجە ئەنجامداوە، بەڵام رەتیکردەوە و ئامادەنەبوو لەسەر ئەو بابەتە قسەبکات. هاوکات بەرپرسی لقی کەرکووکی سەندیکای پزیشکانی ددانی عێراقیش رایەگەیاند، بابەتەکە پەیوەندی بەوانەوە نییە و پێشتر پزیشکەکە و خانەوادەی نەخۆشەکە سوڵحیانکردووە.

ئاری لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا، پێنج نەشتەرگەری گەورەی لە وڵاتی تورکیا و سێ نەشتەرگەریشی لەنێوخۆدا ئەنجامدا و ئەوکاتەی تووشی نەخۆشیەکەبوو قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی بووە و بەوهۆیەشەوە وازی لەخوێندن هێناوە، هەروەها خێزانداربوو و خاوەنی دوو منداڵە.