سعوودیە ئاماری فەرمی حاجیانی ئەمساڵی راگەیاند

حاجیان لەسەر کێوی عەرەفە - وێنە: AFP
حاجیان لەسەر کێوی عەرەفە - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

دەستەی ئاماری سعوودیە کۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵی راگەیاند کە لە 150 وڵاتی جیهانەوە ملیۆنێک و 845 هەزار و 45 حاجی بەشدارییان لە وەرزی حەجی ئەمساڵ کردووە.

بەگوێرەی ئامارەکان، ملیۆنێک و 660 هەزار و 915 حاجی لە دەرەوەی سعوودیە و 184 هەزار و 130 حاجیش لە ناوەوەی سعوودیە ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن.

لە کۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ، 969 هەزار و 694 حاجی لە رەگەزی نێرن و 875 هەزار و 351 حاجیش لە رەگەزی مێن.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە لەبارەی رەگەزنامەی حاجیانی ئەمساڵەوە، 346 هەزار و 214 حاجی لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە چوونەتە سعوودیە و ملیۆنێک و 56 هەزار و 317 حاجیش خەڵکی وڵاتانی ئاسیان بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان و 221 هەزار و 863 حاجیش لە وڵاتە ئەفریقییەکانەوە بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان ئەمساڵ فەیرزەی حەج ئەنجام دەدەن. هاوکات، 36 هەزار و 521 حاجیش لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریکا، ئوسترالیا و ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە ئێستا لە سعوودیەن.

لەبارەی شێوازی گەشتکردنی ئەو حاجیانە، دەستەی ئاماری سعوودیە بڵاویکردووەتەوە، ملیۆنێک و 593 هەزار و 271 حاجی لە رێگەی گەشتی ئاسمانییەوە گەیشتوونەتە سعوودیە و 60 هەزار و 813 حاجیش لە رێگەی وشکانی و شەش هەزار و 831 حاجیش لە رێگەی دەریاییەوە گەشتی ئەو وڵاتەیان کردووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستانیش کە ئەمساڵ فەیرەی حەج ئەنجام دەدەن، بریتییە لە چوار هەزار و 685 حاجی.

رۆژی 27ـی حوزەیرانی 2023، کە دەکاتە نۆیەم رۆژی مانگی زیلحجە، حاجیان لەسەر کێوی عەرەفە وەستان بۆ بەجێگەیاندنی گەورەترین روکنی فەریزەی حەج و سبەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە کە لە دوای رۆژئاوابوونەوە حاجیان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەی موزدەلیفە و سبەی لە ناوچەی مینا دەست بە رێورەسمی رەجمکردنی شەیتان دەکەن.