کابینەی نۆیەم؛ جێبەجێکردنی پرۆژەکان و بووژانەوەی ژێرخانی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، کاری زۆری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان لە سێکتەرە جیاوازەکان کردووە لەپێناو بووژانەوە و زیاتر بەهێزکردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی داتاکان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ هەزار و 379 پرۆژەی گرنگی جێبەجێکردووە بە گوژمەی، 12 ترلیۆن و 40 ملیار و 667 ملیۆن دینار، لە سێکتەرەکانی رێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، کشتوکاڵ، کارەبا، پەروەردە و خزمەتگوزارییە سەرتاییەکان، لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی پێویستی جێبەجێکراون و هەوڵی زۆر بۆ دادپەروەری لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیش دراون.

داتاکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێـمی کوردستان ئەوە دەردەخەن کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە چوار ساڵی رابردوودا لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان و تەرخانکردنی پارە هیچ جیاوازییەکی لەنێوان شار و دەڤەرەکاندا نەکردووە و

ئەنجامدانی پرۆژەکان و تەرخانکردنی بودجەی پێویست بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان و پێداویستی ناوچەکان بۆ پرۆژەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و کۆکردنەوەی داهات و لەبەرچاوگرتنی خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی بووە.

بەشێوەیەک لە سنوورەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین کە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە دوو ملیۆن و 268 هەزار و 50 کەس، هەزار و 195 پرۆژەی جۆراوجۆر بە گوژمەی چوار ترلیۆن 234 ملیار و 685 ملیۆن دینار ئەنجامدراوە.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، لە سنوورەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ کە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە سێ ملیۆن و 804 هەزار و 742 کەس، دوو هەزار و 184 پرۆژە بە گوژمەی حەوت ترلیۆن و 805 ملیار و 982 ملیۆن دینار ئەنجامدراوە.