کابینەی نۆیەم؛ دیپلۆماسییەتی بەهێز و فراوانکردنی پەیوەندییەکان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

بەھێزكردن و بە نیشتمانیكردنی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یەكێك لە ئەركە پێشینەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بوو، بەشێوەیەك لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، كابینەی نۆیەم لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورەدابوو بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەشەی كارنامەی حكومەت.

 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەختترین بارودۆخەكاندا توانیویەتی خوێندنەوەیەكی دروست بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان هەبێت، تەنانەت دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆكتۆبەر بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بەرەو پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ھەنگاوی نا.

لەو چوارچێوەیەدا و لە چوار ساڵی رابردوودا، خودی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان ھەزار و 257 دیدار و پێشوازی و پەیوەندی لەگەڵ سەرۆك كۆمار، سەرۆكوەزیر، باڵیۆز، كونسوڵ، نوێنەر و شاندی بیانی هەبووە. ھەروەھا لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتیشەوە، زیارتر لە ھەزار و 500 دیدار و پەیوەندی و سەردان ئەنجامدراوە كە ئەمەش بە درێژایی تەمەنی كابینەكانی پێشووی حكومەت بێوێنە بووە.

بە درێژایی تەمەنی كابینەی نۆیەم سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، 183 دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە جیھانییەكان لەوانە سەرۆك كۆمار، سەرۆكوەزیر و جیگرەكانیان ھەبووە. ھەروەھا 764 جار لەگەڵ، وەزیر، باڵیۆز، كونسوڵ، نوێنەر و شاندی بیانی كۆبووەتەوە و ھەر لەوماوەیەدا 67 پەیوەندی و نامەی لەلایەن سەركردە جیھانییەكان پێگەیشتووە.

هاوکات لەماوەی كابینەی نۆیەمدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، 27 كۆنگرەی رۆژنامەوانی و دیداری میدیایی ھەبووە و سەرۆکایەتی 216 كۆبوونەوەی فەرمی لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە كە چەندین بڕیار و راسپاردەیان تێدا دراوە.

لە گرنگترین سەردانی شانده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ھەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان.

لە ساڵی 2021 هەریەکە لە  پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان و ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی هەولێریان کرد و دیداریان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو.

 لە 18ـی ئایاری 2022 وەزیری دادی ھۆڵەندا سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و لەھەولێر لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پێشوازی لێكرا.

لە ـ18ی تشرینی یەكەمی 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ کۆنسول، نێردە و دیپلۆماتکارانی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان كۆبووەوە.

ھەروەھا لە 29ـی تشرینی دووەمی 2022 مەسرور بارزانی پێشوازیكرد لە وەزیری بەرگری ھۆڵەندا

لە 10ـی كانوونی یەكەمی 2022 کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پێشوازی لێكرا..

دوای ئەویش لە 23ـی كانوونی یەكەمی ھەمان ساڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەولێر پێشوازیكرد لە جۆرجیا میلۆنی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا.

ھەروەھا لە 1ـی ئاداری 2023 سەرۆكی حكومەت پێشوازیكرد لە ھەریەكە لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و باڵیۆزی روسیا لە عێراق..

لە 2ـی ئاداری 2023 ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.

لە 7ـی ئاداری ھەمان ساڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكا سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبووەوە. ھەر لەو رۆژەدا مەسرور بارزانی پێشوازیكرد لە شاندێكی بانكی جیهانی.

لە 8ـی ئاداری 2023 چەندین شاندی بیانی لەو رۆژەدا سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كرد و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، لەوانە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، شاندێكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، بەڕێوەبەری گشتی یونسكۆ، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق.

ھەروەھا لە 18ـی ئاداری 2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و 40 باڵیۆز و 83 نوێنەری وڵاتان، ئاهەنگی یادەکانی ئادار و نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە چیای کۆڕەک بەڕێوەچوو.