کابینەی نۆیەم؛ رێکخستنەوەی باج و دانەوەی قەرزەکان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری جددی بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی باج کراوە، لەم کابینەیە هیچ بڕە باجێك لەسەر باجدەران زیاد نەکراوە بەڵکو رێکخراوەتە و بەپێی یاسا باج لە باجدەران وەرگیراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە دیاریکردنی رێژەی باج لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەبێت و ئەرکی حکومەت تەنها جێبەجێکردنی یاساکەیە، وەک چەند جارێکیش بەرپرسانی پەیوەندیدار لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لەسەر کردووەتەوە، بەهۆی کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنەوە. پێشتر کارکردن لەسەر دۆسیەی باج وەک پێویست نەبووە.

لەسەر ئەو بنەمایەش، لە چوار ساڵی رابردوودا سیستمی گۆترەکاری و خەمڵاندن بەلاوەنرا و لە بڕی ئەوە رێژەی باج لەسەر بنەمای زانیاری کۆمپانیا کە پێشکەشی دەکات دیاریکراوە، هەروەها سەرجەم لێخۆشبوونە نایاساییەکانی باج هەڵوەشێندراونەتەوە.

هاوکات کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک باجی لە هاووڵاتییانی ئاسایی وەرنەگرتووە، بەڵکو باجدەرانی پابەندکردووە بە پێدانی باج بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەکارهێنانەوەی ئەو پارەیەی لە باج کۆکراوەتەوە بۆ ئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی مووچە بووە.

بەگوێرەی داتاکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوار ساڵی رابردوودا رێکاری یاسایی دژی 12 هەزار و 502 باجدەر گیراوەتەبەر کە بەهۆکاری جیاواز خۆیان لە پێدانی باج دزیوەتەوە، هەروەها زیاتر لە 2.5 ترلیۆن دینار باج لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا کۆکراوە، لەو بڕە باجەی کە وەرگیراوە نزیکەی 74%ـی کۆی داهاتی باج لە گەورە باجدەران و کۆمپانیاکان وەرگیراون و 26%ـی داهاتی باجیش لە باجدەرەکانی دیکە وەرگیراون.

بەشێوەیەک، داهاتی باج لە ساڵی 2019 بریتی بووە لە 627 ملیار و 424 ملیۆن و 94 هەزار دینار، لە ساڵی 2020ـدا داهاتی باج کەمبووەتەوە بۆ 578 ملیار و 87 ملیۆن و 37 هەزار و 795 دینار، لە ساڵی 2021ـدا داهاتی باج گەشەیەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە کە گەیشتە 796 ملیار و 287 ملیۆن و 671 هەزار و 749 دینار، لە ساڵی 2022ـشدا داهاتی باج گەیشتە بەرزترین رێژە کە بریتی بوو لە 912 ملیار و 588 ملیۆن و 802 هەزار و 373 دینار.

هاوکات لە چوار ساڵی رابردوودا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی رووبەڕووی چەندین قەیرانی سەختی وەك بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و قەیرانی دابەزینی بەهای نەوت بووەوە، بەڵام سەرکەوتووانە، نەک هەر قەیرانەکانی تێپەڕاند، بەڵکو لەگەڵ خراپی دۆخی داراییش، قەرزێکی زۆری داوەتەوە.

لە مانگی ئاداری 2020ـدا کۆی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان 28.4 ملیار دۆلار بوو، کە بارقورسییەکی زۆر بوو بۆ کابینەی نۆیەم، بەڵام بەهۆی ستراتیژییەت و وردبینی سەرۆکوەزیران و کابینەی نۆیەم ئەو بڕە قەرزە نەک زیادی نەکرد، بەڵکو تواندرا بڕی سێ ملیار دۆلار لەو قەرزە کەڵەکەبووانە بدرێتەوە و پڕۆسەی دانەوەی قەرزەکانیش بەشێوەیەکی شەفافانە لە راپۆرتی دیلیۆتدا ئاماژەی پێکراوە.

لەلایەکی دیکەوە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی رابردوودا جگە لە دانەوەی قەرزێکی زۆر توانیویەتی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا بڕیاری چاکسازی راستەقینە بدات بە تایبەت لە سێکتەری داراییدا کە سیاسەتێکی دروستی پەیڕەوکرد.

لە چوار ساڵی رابردوودا مانگانە بڕی شەش ملیار دینار لە هەشت هەزار و 947 خانەنشینی نایاسایی و دوو مووچەیی گەڕاندووەتەوە خەزێنەی حکومەت، هەروەها مانگانە 976 ملیار دیناری لە 1194 خانەنشینی پلە باڵا، کە بە نایاسایی خانەنشین کرابوون گەڕێندراونەتەوە خەزێنەی گشتی.

جگە لەمانە، 316 ملیار دینار لە قەرزی پێشینەکان و نزیکەی سێ ملیار دینار لە قەرزی ئاسانکاری و 12 ملیار دینار لە قەرزی ئاسانکاری بە پێی یاسای چاکسازی و 28 ملیار دینار بەشێوەی موڵک کە بە ناوی بانکەکان کرابوون وەرگیراونەتەوە.

کابینەی نۆیەم هەنگاوی کرداری بۆ دروستکردنی بانکی نیشتمان ناوە بە سەرمایەی 250 ملیار دینار کە 25 ملیار دیناری بە کاش لەو بانکە داندراوە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی پیشەوەران و هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی بانکی لە هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریکردووە لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان لە سەرجەم دامودەزگاکانیدا و لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنی(IIS)  بۆ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر خه‌رجییه‌كانی به‌ركاربردن بۆ  سەرجەم وه‌زاره‌ت و ده‌سته و فه‌رمانگه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان بە وه‌زاره‌تەکان خستەکار.