ئەحمەد هۆشیار: بۆ 10 ساڵی داهاتوو حەوت ملیۆن گەشتیار لەرێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەشت دەکەن

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکەن لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار لەرێگەی فڕۆکەخانەکەوە گەشت بکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، ئێستا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر "تاکە فڕۆکەخانەیە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی عێراق" کە گەشتی بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی تەممووزی 2023، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی 2022 وایکرد گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک بوەستێن، بەهۆیەوە بە گوژمەی نزیکەی 27 ملیۆن دۆلار فڕۆکەخانەکە قەرزاری ژمارەیەک کۆمپانیای بواری فڕۆکەوانی بوو، "بەڵام بە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی توانیمان لەماوەی ساڵ و نیوێکدا سەرجەم ئەو پاپەندە داراییانە بدەینەوە کە لە سەر فڕۆکەخانەکە بوونن".

بەگوتەی ئەحمەد هۆشیار، بەپێی فەرمانێکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکی حکومەت؛ توانیویانە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا سەدا 95ـی گرێبەستەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هەمواربکەنەوە و هەندێک گرێبەستیشیان کە زانیویانە "بوونەتە بارگرانی لەسەر باری داریی حکومەتی هەرێم" هەڵوەشاندووەتەوە.

بەگوتەی ئەحمەد هۆشیار، ئێستا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر "تاکە فڕۆکەخانەیە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی عێراق" کە گەشتی بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەیە و هەر گەشتیارێک لە هەر پارێزگایەکی عێراق بیەوێت بۆ ئەوروپا گەشت بکات، لەرێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەشتەکەی ئەنجام دەدات. گوتیشی: "له‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاران له‌سه‌دا 14 زیادیكردووه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ین، له‌ شه‌ش مانگی دووه‌م ئه‌و رێژه‌ بگاته‌ سه‌دا 18."

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیy هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، رۆژانه‌ زیاتر له‌ 90 گه‌شت له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌درێن، رێژه‌ی گه‌شتكردن به‌رده‌وام له‌ زیادبووندایه‌، "كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاسایش و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ناو شاری هه‌ولێر هه‌یه‌."

بەگوتەی ئەحمەد هۆشیار، 19 کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی لەرێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە رۆژانە گەشت ئەنجام دەدەن. گوتیشی، ساڵی داهاتوو کۆمپانیای "ئیماراتییە" دەست بە گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەکە دەکات و 14ـی ئەم مانگە یەکەم گەشتی نێوان فڕۆکەخانەی هەولێر و کوێت دەستپیدەکات و هەفتانە دوو گەشت ئەنجام دەدرێن.

لەبارەی ئاماری ئەو گەشتیارانەش کە لەرێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتیان کردووە؛ ئەحمەد هۆشیار رایگەیاند، ساڵی رابردوو (2022) زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار گەشتیار لەرێگەی فڕۆکەخانەکەوە گەشتیانکردووە و پێشبینی دەکەن ژمارەکە بۆ ئەمساڵ بۆ سەرووی دوو ملیۆن گەشتیار بەرزببێتەوە.

بەگوێرەی توێژینیەوەیەک کە لەلایەن فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە ئەنجامدراوە، پێشینی دەکرێت بۆ 10 ساڵی داهاتوو، زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار لەرێگەی فڕۆکەخانەکەوە گەشت بکەن. ئەمە بە گوتەی ئەحمەد هۆشیار. دەشڵێت، هەر بۆیە پلانیان داناوە فڕۆکەخانەکە فراوانتر بکەن و کار لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی گەشتیاران بکەن.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتی، "مانگی دووی ئەمساڵ گەورەترین رێکخراوی جیهانی، کە سەرپەرشتیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی جیهانی وڵاتان دەکات، وردبینی لە فڕۆکەخانەی هەولێر و بەرنامە ئەمنییەکەی کرد و بابەتێکی وای نەدیتەوە ببێتە مەترسی لەسەر گەشتکردن لەرێگەی فڕۆکەخانەکەوە و سەرووی سەدا 80ـی تێکرای وردبینییەکەی بەدەستهێنا."

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا شەش کارمەندی فڕۆکەخانەکە لە وەڵاتی ئیماراتن بۆ بەشداریکردن لە خولێکی چاودێری ئاسمانی فڕۆکەوانی. سەبارەت بە پلان و بەرنامەی داهاتوویان؛ روونیکردەوە، پلانیان هەیە تێرمینالی فڕۆکەخانەکە فراوان بکەن، بە شێوەیەک نهۆمی یەکەم تایبەت دەکرێت بە "هاتن" و نهۆمی دووەمیش بۆ "چوون" تەرخان دەکرێت.

لە ماوەی چار ساڵی رابردوودا وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر باسی کرد، کار و پشکنینیان بۆ ژێرخانی فڕۆکەخانەکە کردووە "بۆ ئەوەی بزانین پێویستیمان بە چییە و پێویستە چ هەنگاوێک بنێین" و لەسەر ئەو بنەمایە و بە پشتبەستن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەستیان بە دروستکردنی کارگۆیەک لەسەر رووبەری 24 هەزار مەتر دووجا کردووە و "ئێستا 60%ـی کارگۆکە تەواوبوون، ساڵی داهاتوو ئینشائەڵڵا بە فەرمی دەکرێتەوە و دەبێتە گەورەترین کارگۆ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەحمەد هۆشیار ئاماژەی بەوە دا، توانیویانە ئاستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بگەیننە سەدا 60 و "سەدا 60ـی هەموو بارەکانی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە دابەشدەکرێت".

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گەورەترین و فراوانترین فرۆکەخانەی  هەرێمی کوردستانە و دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی شارەکە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە 2003، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005 دایمەزراند.