سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: ئێستا هەشت بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان هەن و دەتوانن وەبەرهێنان بکەن

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەۆرکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم؛ تەنها سێ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام ئێستا هەشت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەن. دەشڵێت، لە ساڵی 2006ـەوە تا ئەمڕۆ مۆڵەتی فەرمی بە هەزار و 333 پڕۆژە دراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی تەممووزی 2023، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەروو 280 پڕۆژە مۆلەتی فەرمییان پێدراوە  و لە ساڵی 2006ـەوە تا ئێستا هەزار و 333 پڕۆژە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان پێدراوە.

وەکو ئەوەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی پێ دا، سەرووی هەزار پڕۆژەی دیکە پەسەندی سەرەتاییان بۆ کراوە و لە قۆناغی مامەڵەکردندان و رۆژ بە رۆژ ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتی فەرمی وەردەگرن، زیاتر دەبێت. گوتیشی، کابینەی نۆیەم بەردەوام کاری لەسەر باشتکردنی کواڵێتیی کار و پلانەکان باشتر بکات.

محەممەد شوکری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیشیکردەوە، لەماوەی کابینەی نۆیەمدا توانیویانە پەرە بە توانەکانی فەرمانبەران بدەن و دەڵێت، پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم تەنها سێ بەڕێوەبەرایەتیی گشتییان بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام ئێستا هەشت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەن و "دەسەڵاتی تەواوی ئەنجامدانی وەبەرهێنانیان هەیە".

بەگوتەی محەممەد شوکری لەماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە 13 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەبەرهێان لە شار و شارۆچکە جیاجاکانی هەرێمی کوردستان کراوە؛ "بەشێکی زۆری پڕۆژەکان تەواوبوون و سەرووی هەزار و 300 پڕۆژەی دیکەش لەقۆناغی راییکردندان، کە بە گوژمەی ملیاران دۆلار ئەنجام دەدرێن".

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، 276 پرۆژەی وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی بازرگانی، بانکەکان، تەندروستی، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، گەشتیاری، پەروەردە، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، هونەری و وەرزشی بە سەرمایەی 13 ملیار و 496 ملیۆن و 118 هەزار و 948 دۆلار ئەنجامدراوە.

بەشێوەیەک لە پارێزگای هەولێر 122 پرۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی 10.1 ملیار دۆلار لەسەر رووبەری زیاتر لە شەش هەزار دۆنم ئەنجامدراوە.

هەروەها لە پارێزگای سلێمانی 72 پرۆژەی وەبەرهێنان بە سەر سەرمایەی 2.2 ملیار دۆلار لەسەر رووبەری زیاتر لە سێ هەزار دۆنم ئەنجامدراوە و لە پارێزگای دهۆکیش 51 پرۆژەی وەربەرهێنان لەسەر رووبەری دوو هەزار و 759 دۆنم بە سەرمایەی نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار ئەنجامدراوە.

لە پارێزگای هەڵەبجەش دوو پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری 32.5 دۆنم بە سەرمایەی 28.3 ملیۆن دۆلار جێبەجێکراوە و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 12 پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری هەزار و 146 دۆنم بە سەرمایەی 393 ملیۆن و 621 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە، لە ئیدارەی راپەڕین پێنج پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری 21.1 دۆنم بە سەرمایەی 12 ملیۆن و 478 هەزار دۆلار جێبەجێکراوە و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش سێ پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری 34 دۆنم بە سەرمایەی 15 ملیۆن و 257 هەزار دۆلار و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش نۆ پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری 394 دۆنم بە سەرمایەی 44 ملیۆن و 58 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە.

هەر بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، سێ پرۆژەی وەبەرهێنان لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە بە سەرمایەی چوار ملیار و 962 ملیۆن و 407 هەزار و 800 دۆلار جێبەجێکراوە و سێ پرۆژەی دیکەی وەبەرهێنانی هاوبەش لەنێوان وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی بە سەرمایەی 37 ملیۆن و 384 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە و کۆی گشتی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی ناوخۆیش 270 پرۆژەیە بە سەرمایەی هەشت ملیار و 496 ملیۆن و 327 هەزار دۆلار ئەنجامدراوە.

ئەو پرۆژانەی لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە ئەنجامدراوەن لە وڵاتانی لوبنان، چین و تورکیاوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و پرۆژە هاوبەشەکانیش لەلایەن وەبەرهێنانی ناوخۆیی و وەبەرهێنەرانی هەر یەکە لە وڵاتانی چین، تورکیا، میسر و کەنەدا ئەنجامدراون.

هەروەها رۆژی (19ـی حوزەیرانی 2023)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کونسوڵە گشتی و نوێنەره‌ دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی و ژوورە بازرگانییەکانی وڵاتانی جیهان، رێورەسمی ناساندنی بڕاند و وێبسایتی ئینڤێست کوردستان بەڕێوەچوو.