جوتیار عادل: زیاتر لە سەدا 80ی کارنامەی کابینەی نۆیەم جێبەجێکراوە

جوتیار عادل
جوتیار عادل

K24 - هەولێر

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەو قەیران وئاڵنگاریانەی کە ڕووبەڕووی  کابینەی نوویەم بوونەوە، لە سەدا 80ی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە. دەشڵێت، لەماوەی کابینەی نۆیەمدا 123 شوێن داخراون و 2259 کۆمپانیاش سزادراون.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی تەممووزی 2023، لەچوارچێوەی بەڕێوەچوونی ئیڤێنتی "کوردستانێکی بەهێزتر" کە دامەزراوەی کوردستان24 سپۆنسەریی میدیایی دەکرد، جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا: "ئەگەر سەیرێکی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین زۆرێک لەو بەڵێنانەی کە لە کارنامەکەدا نوسراون بەدیهاتون، سەرەڕای ئەو قەیران وئاڵنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ئەم کابینەیە بوونەتەوە، دەتوانین و بە بەڵگە بڵێین ، زیاتر لە 80٪ ی  کارنامەی کابینەی نۆیەم جێبەجێ کراوە."

دەقی گوتارەکەی جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خودای بەخشندە ومیهرەبان

بەڕێزان، وەزیر و بەرپرسانی حکومی وئیداری، نێردە دیپلوماسیی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی حکومی و نا حکومییەکان، کەسایەتی سیاسی، روشنبیر و نووسەر و وروژنامەنوس ومیدیاکاران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بازرگانان، بەخێر بێن بۆ ئیڤێنتی پڕۆژە وچالاکییەکانی چوار ساڵەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ولە ژێر دروشمی بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر، بۆ ئامانجی خزمەتکردن وبنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز تێدەکۆشێت و هەموو تواناکانی دەخاتە گەڕ بۆ مسۆگەرکردنی ژیانێکی ئاسودە بۆ سەرجەم هاوڵاتییانی.

ژێرخانی ئابووری، ئاسایش و ئاسایشی خۆراک، حکومەتی دیجیتاڵ، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم، هەلی کار و فەرهامکردنی ژینگەی کارکردن، چاکسازی کارگێڕی ودارایی، بە بازاڕکردنی بەرووبومی کشوکاڵی، چاککردنی خزمەتگوزاری پەروەردە و فێرکردن وخوێندنی باڵا وتەندروستی، رێگەوبان، و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەم هەموو بوارانە ئاستی دروشمییان تێپەڕاند.

ئەگەر سەیرێکی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین و لەگەڵ ئەو پڕۆژە وچالاکییانەی ئەم چوار ساڵەی کابینەکەدا بەراوردێک بکەین، دەبینین، زۆرێک لەو بەڵێنانەی کە لە کارنامەکەدا نوسراون، بەدیهاتون، سەرەڕای ئەو قەیران وئاڵنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ئەم کابینەیە بوونەتەوە، دەتوانین و بە بەڵگە بڵێین، زیاتر لە 80٪ ی  کارنامەی کابینەی نۆیەم جێبەجێ کراوە.

لەسەر ئاستی چاکسازیدا:

لە بواری وەزیفەی گشتیدا، وەک لە کارنامەی ئەم کابینەیەدا هاتووە:

- ئەنجومەنی گشتی ڕاژە دامەزرا، هەر وەک بەڵێنماندا، یاسای چاکسازی لە موچە ودەڕماڵە وبەخشین وئیمتیازاتەکان وخانەنشینی لە سەردەمی ئەم کابینەی تەشریع کرا و سێ ڕاپۆرت لەو بارەیەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کران.

- لە بواری ڕۆتین، کارەکردنەوەی پۆڕتاڵی خزمەت ونوێکردنەوە و بارکردنی رێنمایی وخزمەتگوزارییەکان لەلایەن سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت، هەروەها رێکارەکانی دامەزراندنی سیستمی سکاڵای ئەلکترۆنی ئامادەکراون و سەندوقی سکاڵا لەبەر دەستە، هەروەها هێڵی گەرم بۆ هاوڵاتییان لە کاردایە. هەروەها بە ئەلکتڕۆنی کردنی 28 خزمەت بۆ هاوڵاتییان بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین. وەک سستمی خەرجی گشتی (KFMS) مۆڵەتی شۆفیری، بە دیجیتاڵکردنی دادنووس و گرێبەستی ئەلکتڕۆنی.

- لە بواری پێگەی بەرپرسانی باڵای حکومەت، سەرجەمیان فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندی داراییەکان پڕکردووەتەوە. هەروەها لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی، سستمی شاندکردن دامەزراوە.

- لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەکانی گەندەڵی دارایی وکارگێڕی، کابینەی نۆیەم دوو پڕۆژە یاسای پێشنیارکردووە و لە پەرلەمان تەشریع کراون، یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2020، کە یاسای ڕێگریکردنە لە بە قاچاغ بردنی نەوت وگاز، هەروەها یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2022، یاسای گرتنی کاڵای قاچاغ و قەدەغەکراوەکان و مامەڵەپێکردنیان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئینفازکردنی یاسای شوشتنەوەی پارە وپارەداری تیرۆر لە عێراق.

- چاکسازیکردن لە کەرتی تەندروستی، بە دامەزراندنی کۆگای ناوەندی نیشتمانی بۆ دەرمان، هەروەها بەستانداردکردنی شێوازی کۆگاکردنی بابەتە پزیشکییەکان ویەکخستنەوەی نرخی چەند جۆرێکی دەرمان لە دەرمانخانە حکومییەکان ودامەزراندنی سیستمی ستیکەری دژە ساختەی دەرمان بە سیتمی نانۆ تەکنۆلۆجی، هەروەها ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای دەزگای خۆراک ودەرمان.

لە بواری چاکسازی لە سیستمی باج: لیژنە بۆ 69 حاڵەت پێکهێنراوە، داخستنی 123 شوێن، و 2259 کۆمپانیا سزادراون.

·لە بواری هەماهەنگی چاودێری پەرلەمانی، ناردنی 3 راپۆڕت سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ئامادەکردنی 2 راپۆرت لە بارەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، لە کۆی 1539 پرسیاری پەرلەمانتار، 863 پرسیار وڵامدراوەتەوە، 123 جار وەزیرەکانی ئەم کابینەیە بەشداری لە دانشتەکانی پەرلەمانیان کردووە، و 107 جار لەگەڵ لیژنەکان کۆبونەتەوە.

- سەبارەت بە سەندوقی خانەنشین، گشت رێکارەکان تەواو بووە، تەنها کارە تەکنیکییەکان ماون.

- سەرەڕای ئالینگارییەکان، چاکسازی لە هێزی پێشمەرگە بەردەوامە ، زیادکردنی لیوا هاوبەشەکان لە 14 لیوا بۆ 21 لیوا، هەروەها دامەزراندنی فەرماندەی هێزی پشتیوانی 1 و 2، کە ئێستا 54110 پێشمەرگە سەر بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیە، 42303 لە بانک مووچە وەردەگرن، و 11161 پێشمەرگە، یەکەی پشتیوانی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من، هەژماری بانکیان بۆ کراوە.

- لەسەر ئاستی سەروەری یاسا کابینەی نۆیەم بەڵێنی دابوو دیاردەی چەک نەهێڵێت، یاسای چەک بە ژمارە (2)ی ساڵی 2022 تەشریع کرا وئێستا چۆتە بواری جێبەجێ کردن.

لەسەر ئاستی خزمەتگوزاریدا:

بەڵێنی یەکەم: پەسەندکردنی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2020 یاسای ماف وئەرکەکانی نەخۆش، هەروەها جێبەجێکردنی 83 پڕۆژەی تەندروستی،

دووەم: زیادکردنی 702 میگاواتی کارەبا، بەستنی پێوەری زیرەک بۆ 92٪ بەشداربووان، و12 مێگاواتی وزەی خۆر بەرهەمهێنراوە. هەروەها 10٪ بەفیڕۆچوونی کارەبا کەم کراوەتەوە.

سێیەم: پەسەندکردنی یاسای پەروەردە وفێرکردن ژمارە (13)ی ساڵی 2022، هەروەها جێبەجێکردنی  260 پڕۆژەی دروستکردن ونۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن. زیاتر لە 19 هەزار قوتابی سەرشەقام گەرێنراونەتەوە بۆ خوێندن.

چوارەم: بە ئەلکترۆنی کردنی یەکسانیکردنی بڕوانامەکان، بەڵگەنامەکان، نێردروان وزانیاری قوتابیان وخوێندکاران، هەروەها کەمکردنەوەی کرێ خوێندنی باڵا وپاڵپشتکردنی دارایی قوتابیانی زانکۆ وپەیمانگەکان.

پێنجەم: دامەزراندنی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوە وپڕۆگرامەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵا، وەک لە کارنامەی کبینەدا هاتووە، ئەویش هاوکار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ئەو دامەزراوانە لە پێناو باشترکردنی توانە مرۆییەکان بۆ رەخساندنی هەلی کاری زیاتر.

شەشەم: لە سیکتەری ئاسایشی ئاو، 4 بەنداو بە گوژمەی 243 ملیار دینار دروستدەکرێن، 22 پۆندی ئاو نۆژەنکراونەتەوە، 42 دیکەش لە بواری جێبەجێکردندان، بە گوژمەی 26.2 ملیار دینار. هەروەها 5.38 ملیار دینار بۆ رێگری لە لافاو تەرخانکراوە.

حەفتەم: جێبەجێکردنی 997 پڕۆژەی رێگاوبان بە گوژمەی 6.3 ترلیۆن دینار لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

هەشتەم: پەسەندکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان، رێکخستنی پەیوەندییەکانی کرێکار و خاوەن کارەکان، هەروەها دەستنیشانکردنی کرێ و مافی کرێکار رێکخراونەتەوە. دامەزراندنی پەیمانگەی فێرکردن وڕاهێنان، تاکو ئێستا 138 کرێکار دەستەبەرکراون، هەروەها 514 جۆری خول ئەنجامدراون و نزیکەی 7484 گەنج لەم خولانە سوودمەند بوونە.

نۆیەم: تەرخانکردنی ڕێژەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ خانەوادەی شەهیدان وئەنفالکراوان، هەروەها پاڵپشتی دارایی بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت تەرخان کراوە.

نۆیەم: لەم کابینەیەدا، مۆڵەت بە 786 کارگەی بازرگانی وپیشەسازی دراوە، بە کوژمەی 1.75 ملیار دۆلار، کە زیاتر لە 13 هەزار هەلی کاری راستەوخۆیان رەخساندووە، ودەیان هەزار هەلی کاری نا ڕاستەوخۆ.

دەیەم: 190 پڕۆژەی کشتوکاڵی جێبەجێکراون هەروەها پەسەندکردنی یاسای ژمارە 20 ی ساڵی 2021 یاسای سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی کشوکاڵی لە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.

یازدەیەم: جێبەجێکردنی63 پڕۆژەی گەشت وگوزار.

دوازدەیەم: رێکخستنی سیستمی بانکی، رێکارەکانی دامەزراندنی بەنکی حکومی نیشتمان لە تەواوبووندایە، هەروەها دەستپێکردنی پڕۆژەی 'هەژماری من' کە لە ماوەی دوو ساڵدا بۆ سەرجەم فەرمانبەران رێکدەخرێت  و دەبنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیانەوە. هەروەها جێبەجێکردنی 39 پڕۆژە لەو بارەو بە کوژمەی 109 ملیار دینار. (ئەو پروژە چنە)؟

سێزدەیەم: فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان، لەو کابینەیدا، 277 مۆڵەتی وەبەرهێنان ، بە سەرمایەی 13.5 ملیار دۆلار لە 11 سێکتەری جیاواز دراوە.

لە ئەنجامی چالاکیی وپڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم، نزیکەی 100 هەزار هەلی کاری راستەوخۆی ودەیان هەزاری هەلی کاری ناڕاستەوخۆی رەخساندووە.

ئەگەر بەتای کۆرۆنا نەبوایە بێگومان کاری باشتر دەکرا.(پەتای کڕۆنا کارتێکردنی کردۆتە سەر گشت وڵاتانی جیهان وکەس لێی بەدەرنەبوە، ئێمەش وەکو هەرێم ئیدارەیەکی چاکی ئەو قەیرانەمانکرد بەڵام لێی بێبەشنەبوین)

·ئەو بەڵێنانە بە هیمەت و چالاکیی و مکوڕی جەنابی سەرۆک وەزیران هاتونەتە دی و هەروەها چالاکیی و هاریکاریی وەزارەتەکان و تیمەکانی تر کە یارمەتییانداوین.

·لە کۆتاییدا، سوپاسی گشت وەزارەتەکان ودەستە وفەرمانگە نەبەستراو بە وەزارەت کە لە ئادادە هاوکارمان بوون لە کۆکردنەوەی ئەو داتایانە ، هەروەها سوپاسی سپۆنسەریی میدیای کوردستان24 دەکەم بۆ روماڵکردنی ئەم ئیڤێنتە هەروەها سوپاسی سپۆنسەرەکانی بازرگانی و سەرجەم دەزگاکانی میدیاناحکومی دەکەم.

هەر سەرفیراز بن وکوردستان هەر ئاوەدان بێت.