سه‌فین ته‌حسین: هێزی به‌رهه‌مهێنانی ئاردی ئاش و سایلۆكانی دهۆك سێ ئه‌وه‌نده‌ی پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانه
K24 – هەولێر:
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی زۆری به بواری كشتوكاڵ داوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش له سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كاندا ئاش و سایلۆی دروست كردووه و به‌روبوم و به‌رهه‌می جووتیاران وه‌رده‌گرێت، به‌ڕێوه‌به‌ری دروستكردنی دانه‌وێڵه‌ی دهۆكیش ده‌ڵێت، به‌هۆی توانای ئاش و سایلۆكانی سنووره‌كه‌وه، رۆژانه سێ ئه‌وه‌نده‌ی پێویستییه‌كان ئارد به‌رهه‌م ده‌هێنن.
سه‌فین ته‌حسین، به‌ڕێوه‌ره‌ی دروستكردنی دانه‌وێڵه‌ی دهۆك سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا له رووی پیشه‌سازی كشتوكاڵییه‌وه چه‌ندین پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر و ستراتیژین له سنووری دهۆك هه‌یه، روونیشیكرده‌وه، له سه‌رتاسه‌ری سنووری پارێزگاری دهۆك 13 ئاشی دانه‌وێڵه و دروستكردنی ئارد هه‌یه و كار ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، هێزی به‌رهه‌مهێنانی ئارد له سه‌رجه‌م ئاشه‌كانی پارێزگای دهۆك 1870 تۆنی رۆژانه‌یه، باسی له‌وه‌ش كرد، به‌رهه‌می دانه‌وێڵه‌ی ئه‌مساڵی جووتیارانی سنووره‌كانی پارێزگای دهۆك به‌هۆی به‌رزی ئاستی بارانبارین زۆر باش بوو، گوتیشی، به‌ڵام وه‌رگرتنی دانه‌وێڵه‌ی ئه‌مساڵی جووتیارانی ئه‌و سنووره وه‌ك پێویست نه‌بوو، روونیشكرده‌وه، وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیارانی ئه‌و سنووره په‌یوه‌ندی به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بازرگانی دهۆكه‌وه هه‌یه.
به‌ڕێوه‌ره‌ی دروستكردنی دانه‌وێڵه‌ی دهۆك سه‌باره‌ت به به‌رهه‌می جووتیاران و وه‌رگرتنی به‌رهه‌مه‌كانیان له سایلۆكانی سنووره‌كانی پارێزگای دهۆك، گوتی، گه‌نمی جووتیاران له سایلۆكانی زاخۆ، فه‌هیدییه، شێخان و رۆڤیا وه‌رده‌گیرێت، روونیشیكرده‌وه، سایلۆی رۆڤیا تایبه‌ته به وه‌رگرتنی دانه‌وێڵه‌ی جووتیارانی سنووره‌كانی مادده‌ی 140. گوتیشی، ئه‌و دانه‌وێڵانه‌ی له راسلۆكانی زاخۆ، شێخان و فه‌هیدییه وه‌رده‌گرێت، رۆژانه ده‌كرێته ئارد و به‌سه‌ر بریكاره‌كانی ئارددا دابه‌ش ده‌كرێت.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، رۆژانه له سنووره‌كانی پارێزگای دهۆك پێویستیان به 500 تۆن ئارد هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان رۆژانه له سه‌رووی 1700 تۆن ئارد به‌رهه‌م دێنن، كه زیاتر له سێ ئه‌وه‌نده‌ی پێویستییه‌كانی رۆژانه‌ی سنووره‌كه‌یه.