هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و ڕەهەندەكانی...

Kurd24

شیکردنەوە بۆ هەڵبژاردنى ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كەلە 15 پارێزگا کە بڕیارە لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 بەڕێوەدەچێت بەبەشداری زیاتر لە ٢٦٩ لایەنی عێراقی كەبەشداری هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی عێراق دەکەن و ئەگەری زیادبوونی لیست و پارتی زیاتر هەیە، ئەمەش دوای ١٠ ساڵ دێت لە دوایین جار لە مانگی نیسانی ٢٠١٣ بەڕێوەچوو، ئەوەش بە گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دادەنرێت، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاری لەسەردا دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ.

بۆیە دەتوانین گرنگترین ئەو خاڵانە دیاری بكەین كە نەخشە ڕێگای سیاسی پیشان دەدات لەئایندە:

•كات و ساتی ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە بەپلەی یەكەم لەبەرژەوەندی هێزە نزیكەكانی ئێرانە بەتایبەتی هێزەكانی حەشد شەعبی كە كۆنترۆلی جومگە سەرەكیەكانی ووڵاتیان كردووە هەر لەسەرۆك وەزیرانەوە تا بچووكترین بەرپرس بۆیە لەم هەلبژاردنە نفوز و پێگە و هەژموونی خۆیان زیاتر لەپارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاست بەهێز دەكەن ئەمەش بەهۆی بایكۆتی سەددریەكان لەپرۆسەی سیاسی عیراق بۆتە هەل و دەرفەت، چونكە لەنێو شیعە گەورەترین هێز كە بنكەی فراوانی جەماوەری هەیە و زۆربەی پارێزگاكانی عیراقی لەدەستە ئەمجارە تا ئێستا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی كردووە.

•بەردەوامی بایكۆتی سەدر لەپرۆسەكە و تەسلیم كردنی پێگە سیاسیەكانی لەنێو پارێزگاكانی عێراق بە هێزەكانی تری شیعە و حشد شەعبی لەئایندە دەبێتە گەورەترین گرفت لەم ناوچانە چونكە گەورەترین بنكەی جەماوەری بایكۆتی هەلبژاردنی كردووە، ئەوەش مەترسی بەسەر هەموو لایەنەكانی تری شیعەوە بەجێهێشتووە لەئایندەی سیاسی.

•سەبارەت بەهەژموونی هێزە شیعەكان بەسەر ناوچە سووننە نشینەكان و ناوچە دابرێندراوەكان زیاتر دەبێت بەجۆرێك ئەم هێزانە جڵەوی ئەمنی ئەو ناوچانەیان لەدەستە بۆیە كێشە و گرفت زیاتر دروست دەكەن بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان زیاتر بسەپێنن، بەتایبەتی پارێزگای كەركوك لەئێستادا ڕووبەرووی شالاوی بەعەرەبكردن و بەشیعەكردن بووەتەوە و خەڵكی كورد ئاوارە بووە بۆیە هەموو كارێك دەكرێت بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد لەم پارێزگایە بۆیە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەلبژاردنەكاندا ململانێیەكان توندتردەبێتەوە.

•لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەولەتی دەست تێوەردان لەم هەلبژاردنە بەردەوامە چونكە عێراق وولاتێكی خاوەن سیادەیەكی لاوازە لەئێستادا ئێران كۆنترۆلی زۆربەی جومگەكانی كردووە تا ئەو ساتەش ئەنجامی هەلبژاردنەكان لەژێر هەیمەنەی ئەو وولاتەیە، لەولاوەشەوە ئەمەریكیەكان خەریكی دارشتنی بەرنامەی خۆیان بۆ عێراق و ناوچەكە بۆیە لەئێستا كارتی ئابووری عیراق بە كاملی كەوتۆتە دەست ئەمەریكاوە بەتایبەتی دوای ئەوەی لەبابەتی ڕێكارەكانی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەل ئەم بابەتەوە.

•بەنسبەت پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر كۆی پرسەكان لەم هەلبژاردنە دەبێتە كارتێكی بەهێزی هەموو هێزە شیعەكان بەجۆرێك بۆ بەدەستهێنانی دەنگی نێو شەقامی شیعە توندڕەوەكان ئەگەری زۆرترین كێشە و گرفت بۆ هەرێم دەنێنەوە تا دەگاتە بڕینی بودجە و مووچەش و خۆدزینەوە لەهەموو ڕێككەوتنەكان و لەهەندێ كاتدا بخوازێ كارتی سەربازی و ئەمنی وەك پێشتر كردەی تیرۆرستی بە درون و مووشەك بۆ سەر هەرێم ئەنجام بدەن، بۆیە پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم ئامادەكاری بۆ ئەم قۆناغە بكات چونكە ئەو هێزانە گەشە و مانەوەیان لەگۆرەپانی سیاسی عیراقی تەنها بەئاژاوە نانەوە و شەر و ئاشووب بووە.

بۆیە لەكۆتایی دەگەینە ئەو پوختەیە بەردەوامی بایكۆتی سەدرییەكان و بێ دەنگی وولاتانی هەرێمی و نێودەولەتی بەتایبەتی ئەمەریكا لەهەمبەر هەژموونی ئێران و هێزەكانی حەشدی شەعبی لەگۆرەپانە ئەوە ئەنجامەكانی ئەم هەلبژاردنە بەدڵی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا نابێت و هەژموونی حەشد زیاتر دەبێت بەسەر گشت پارێزگاكانی عێراق.

ماسته‌ر له‌ جوگرافیای سیاسی و ناوچه‌ دابریندراوه‌كان

قوتابی دکتۆرا لە جوگرافیاى سیاسی