وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا: بە بەردەوامی هەولێر و بەغدامان هانداوە رێکبکەون

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

ماتیو میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، بە بەردەوامی هەولێر و بەغدامان هانداوە لەسەر چەند بابەتێک کە بەرژه‌وەندی هاوبەش لەخۆدەگرێت رێکبکەون، وەک بودجەیەکی گونجاو و یاسای نەوت و گاز.

میلەر باسی له‌وه‌شكرد، لە هاندانی لایەنه‌ عێراقییه‌كان بەردەوام دەبین، تا رێگەیەک بۆ بەرەوپێشچوون دیاری بکەن.

هه‌روه‌ها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا گوتی: پێویسته‌ په‌یوه‌ندی عێراق و ئێران به‌ شێوه‌یه‌ك بێت، كه‌ سه‌روه‌ری عێراق تێیدا ره‌نگبداته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی: "لە هاندانی لایەنە عێراقییه‌كان بەردەوام دەبین، تا رێگەیەک بۆ بەرەوپێشچوون دیاری بکەن، کە سوودی بۆ کەشی وەبەرهێنانی بیانی هه‌بێت و رێز لە بەشداریکردنی دامەزراوەکانی ئەمه‌ریکا له‌ کەرتی وزە بگرێت، لە کاتێکدا بەرژوەندییەکانی هەموو خەڵکی عێراق بەرەوپێش دەبات".

باسی له‌وه‌شكرد، "دەمانەوێت پەیوەندییە دووقۆڵییەکەی عێراق و ئێران پەیوەندییەکی ئاسایی بێت، کە رەنگدانەوەی سەروەری عێراق بكات كه‌ پێشتر بەمجۆرە نەبووە، چونکە ئەو سیاسەتانەی جێبەجێمان کردوون، بۆ رێگریکردن یان کەمکردنەوەی خۆسەپاندنی ئێران بەسەر عێراقدا بووە، پەیوەندی دوو قۆڵی  له‌ نێوان ئەو دوو وڵاتە هەیە و هیواخوازین سەروەری عێراق تێیدا رەنگ بداتەوە".

رۆژی 27ـی تەممووزی 2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی دارایی عێراق کۆبووەوە. ئەم کۆبوونەوەیە، دوای رێککەوتنی بەغدا و هەولێر هات لەبارەی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا.

هەمان رۆژ ئومێد سەباح بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، كۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق‌ لەبارەی ناردنی شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ كراوە و "بڕیارە ده‌ست به‌جێ تمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت."

هەر سەبارەت بە رێککەوتنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوتبوو: "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنێکی باشی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بووە".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە: "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر خەمخۆرانە کاری کردووە، بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت. ئەوانەی پێش رێککەوتنەکان قسەی سەیر و سەمەرەیان کردووە، دوای رێککەوتنەکان بێدەنگ دەبن، چونکە کاری ئەوان قسەیە و ئێمەش کردار".

دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی؛ رۆژی چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا کرد و گفتوگۆکانی لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق دەستپێکردەوە.