وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی مووچەی لیواکانی پیادە روونکردنەوە دەدات

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی سێشەممە مووچەی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەبێ هیچ گرفتێک دابەشدەکرێت.

رۆژی شەممە (5ـی ئابی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، مووچەی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، بەشێوەیەکی ئاسایی و بەبێ بوونی هیچ گرفتێک دابەش دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر هەواڵ و زانیاریەک لە پەیجی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاونەکرابێتەوە، زانیارییەکی فەرمی و باوەڕپێکراو نییە، بۆیە بۆ وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری دروست لەبارەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەت، لە پەیجی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاودەکرێتەوە.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕی 598 ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کرا و رەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە و هەمان رۆژیش دابەشکردنی مووچە لە وەزارەتی تەندروستی دەستیپێکرد و خشتەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان راگەیەندرا.

پێشتریش لەلایەن خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رایگەیاند، ئه‌و بڕە پارەیەی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ كرا، "نه‌ك شایسته‌ داراییەكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت مووچه‌ی ته‌واوه‌تی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌بوو".

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، کوردستان24 لیستی دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە.