کوردستان24 لیستی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکاتەوە

K24 - هەولێر:

کوردستان24 خشتەی دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکان بڵاودەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، کوردستان24 لیستی دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە، کە رۆژی شەممە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان مووچە وەردەگرن، رۆژی یەکشەمەش مووچەی یەکەکانی 70 و 80 و وەزارەتی دارایی دابەش دەکرێت.

لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا زۆرترتین وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن و تەنیا چەند وەزارەتێک و هەرسێ سەرۆکایتییەکە و خانەنشینانی پێشمەرگە دەمێنێت، کە وەزارەتی دارایی دڵنایی دا لەوەی لە زووترین کاتدا تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە دابەشکردنی مووچە بەردەوامدەبین و لە رۆژانی داهاتوودا تەواوکاری لیستی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم دامودەزگاکانی دیکە رادەگەیەنین".

هەروەها راشیگەیاند، رۆژی (14/ 8/ 2023) مووچەی خانەنشینانی شارستانی دابەشدەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: "کاتژمێر 9:30 بەیانی رۆژی پێنج شەممە 3/8/2023،  بڕی  ( 598 ) ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق  رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کراو رەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە، هەر ئەمڕۆش دابەشکردنی مووچە بە وەزارەتی تەندروستی دەست پێدەکات و خشتەی سەرجەم وەزارەتەکانیش رادەگەیەنرێت و ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە". 

لە راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەشکراوە: "هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 940 ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجی بەکاردبردن و دام و دەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا. بۆ هەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی عێراق بە هیچ جۆرێک پابەند نەبوون بە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد و جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق".   

وەزارەتی دارایی، دەڵێت: "ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بوجە مانگانە زیاتر لە 1 ترلیۆن 384 ملیار دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە مانگانە 906 ملیار دینار لە یاساکە تەرخان کراوە. بەپێی ئینفاقی فیعلیش کە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای تێکڕای خەرجی مانگانە کاری پێدەکات پێویست بوو 1 ترلیۆن و 174 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجە و هەموو ئەو رێککەوتنانەیە کە لە نێوان هەردوولا ئەنجام دراوە.