لە سەرەتای ئەمساڵەوە 61 کەس لە هەرێمی کوردستان لەئاودا خنکاون

خنکان
خنکان

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 61 هاووڵاتیی لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان، لە ئاودا خنکاون. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریش دەڵێت، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن کەس سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانیان کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، سروە ڕەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە (1-1-2023) تا دوێنێ سێشەممە (8-8-2023)، 61 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان، لە ئاودا خنکاون.

بە گوتەی سروە ڕەسوول، ئەوانەە لە ئاودا خنکاون، بەشێکیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون و بەشێکی دیکەشیان گەشتیار و سەردانکەر بوون. روونیشیکردەوە، زۆرترین ژمارەی قوربانیانی خنکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و کەمترین ژمارەی قوربانیانیش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تۆمارکراوە.

رۆژی یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قوربانی و رووداوەکانی خنکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس، ئەو شوێنە گەشتیارییانە دادەخەن کە لە ماوەی رابردوو هاووڵاتیان و گەشتیاران تێیدا خنکاون و مەترسیدارن بۆ مەلەکردن.

بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا دوێنێ دووشەممە (8-8-2023)، 10 هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، 10 سلێمانی، 10 دهۆک، یەک هەڵەبجە، سێ گەرمیان، 12 ڕاپەرین، شەش سۆران و نۆ هاووڵاتیش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ئاودا خنکاون.

رۆژی 25ـی تەممووزی 2023 و لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی رووداوەکانی خنکان، بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و چەندین دامەزراوەی پەیوەندیداری حكومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بۆ رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی رووداوەكانی خنکان و گرتنەبەری رێكاری پێویست بەڕێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا پلانێكی بەرفراوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی رووداوەكانی خنکان دارێژرا لەوانە دانانی تابلۆ بۆ دیاریكردنی قۆڵایی ئاو و رێنماییەكانی مەلەكردن.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، زۆرینەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە رووباری "زێی بچووک"ـدا خنکاون، کە ژمارەیان 13 کەسە و دووەم زۆرترین ژمارەی قوربانیانیش لە زاخۆ تۆمارکراوە، کە ژمارەیان نۆ کەسە.

ریزبەندی ئەو کەسانەی لە ئاودا خنکاون بە پێی شوێن و ژمارەی قوربانیان:

- زێی بچووک / هەولێر: 13 هاووڵاتی

- زاخۆ: نۆ هاووڵاتی

- زێی گەورە / هەولێر: هەشت هاووڵاتی

- بەردەڕەش / دهۆک: پێنج هاووڵاتی

- دووکان /  سلێمانی: پێنج هاووڵاتی

- رووباری چۆمان / سۆران: چوار هاووڵاتی

- چەمانکێ / دهۆک: دوو هاووڵاتی

- گەلی عەلی بەگ /  سۆران: دوو هاووڵاتی

- ئاکرێ /  دهۆک: دوو هاووڵاتی

- پێنجوێن / سلێمانی: یەک هاووڵاتیی

- دەربەندیخان / سلێمانی: یەک هاووڵاتی

- قەرەداغ / سلێمانی: یەک هاووڵاتی

- ماوەت / سلێمانی: یەک هاووڵاتی

- شارباژێر / سلێمانی: یەک هاووڵاتی

- بەنداوی مووسڵ /  دهۆک: یەک هاووڵاتی

- زەڵم / هەڵەبجە: یەک هاووڵاتی

- حەوزی گەراجی شارەوانی / گەرمیان: یەک هاووڵاتی

- بان ئاسیاو/ حەوزی ماسی / گەرمیان: یەک هاووڵاتی

- تۆڕە جاف / گەرمیان: یەک هاووڵاتی

- دەربەندی ڕانیە / ڕاپەرین: یەک هاووڵاتی

کۆی گشتیی: 61 هاووڵاتی


ژمارەی سەردانیکەرانی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، ئیبراهیم عەبدولحەمید، گوتەبێژی دەستەى گەشتوگوزار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە چوار ملیۆن کەس، کە گەشتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باشوور و ناوەڕاستی عێراق و دەرەوەی وڵاتەکە بوون، سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئاماری قوربانیانی خنکانی ساڵانی رابردوو

بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو، 77 هاووڵاتیی لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون، کە بەشێکیان گەشتیار و بەشێکیشیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە ماوەی چوارساڵی رابردوو زیاتر لە 400 هاووڵاتیی لە هەرێمی کوردستان، لە ئاودا خنکاون. هاوکات بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 250 هاووڵاتیی دیکەش لەلایەن تیمەکانی بەگریی شارستانییەوە رزگارکراون.

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 2.6 ملیۆن کەس لە جیهان، لە ئاودا خنکاون. بەگوێرەی رێکخراوەکە، زیاتر گەنجان و منداڵان دووچاری خنکان دەبنەوە، زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی بە رووداوی خنکانەوە گیان لە دەستدەدەن تەمەنیان لە 30 ساڵ کەمترە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوەش دەدات، رێژەی خنکان لە ناو وڵاتە هەژارەکان و بەتایبەت وڵاتانی ئاسیا زیاترە بەراورد بە وڵاتە دەوڵەمەندەکان. روونیشیکردووەتەوە، زیاتر لە 60%ی رووداوەکانی خنکان لە ناوچەکانی رۆژئاوای زەریای هێمن و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا روودەدات.