سوپای پاسداران سێ هاوڵاتی كورد ده‌ستگیر ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
سوپای پاسدارانی ئێران له كرماشان سێ كه‌س به تۆمه‌تی ده‌ست هه‌بوون له هێرشه‌كه‌ی داڵاهۆ ده‌ستگیر ده‌كات.
به‌پێی هه‌واڵێكی VOA به‌شی فارسی، به‌رپرسێكی سوپای پاسداران له كرماشان به ئاژانسێكی ئێرانی راگه‌یاند سێ كه‌س له لایه‌ن ئیتلاعاتی سوپاوه ده‌ستگیركراون، به‌بی ئه‌وه‌ی ناسنامه‌یان ئاشكرا بكات و ته‌نیا ئاماژه به‌وه‌دا ده‌ستیان هه‌بووه له هێرشه‌كه‌ی داڵاهۆ كه پێشتر هێرشكرابووه سه‌ر كاروانی حیشمه‌توڵڵا فه‌لاحه‌ت په‌رله‌مانتاری ناوچه‌ی ئیسلام ئابادی رۆژئاوا و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسانی ناوچه‌كه.
له هێرشه‌كه‌دا دوو به‌رپرسی ناوچه‌یی كوژرابوون و قایمه‌قامی داڵاهۆ و دوو كه‌سی تر بریندار ببوون.
هه‌ڵۆكانی ئازادی كوردستان له رۆژی 11 ته‌موز به‌رپرسایه‌تی هێرشه‌كه‌ی داڵاهۆ به ئه‌ستۆ گرت، كه رۆژی یه‌كشه‌ممه 10 ته‌موز هێرشی كردبووه سه‌ر كاروانی په‌رله‌مانتاری ئیسلام ئاباد و قایمه‌قامی داڵاهۆ.
هه‌ر پاش هێرشه‌كه سوپای پاسداران ئاگریان به‌ردایه چیاكانی داڵاھۆ و سەلاسی باوەجانی و كوێخا ئەلیاسی و ده‌زگای ئیتلاعاتیش ده‌ستیكرد به ده‌ستگیركردنی ھاووڵاتیانی كوردی ناوچەكه.