لێدوانی نوێی وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشکردنی مووچە و کورتهێنان

K24 – هەولێر

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران رایدەگەیەنێت، لە مانگی رابردوودا 321 ملیار دینار کورتهێنان لەو بڕە پارەیە هەبووە کە حکومەتی عێراق بۆ مووچە ناردویەتی، داواش دەکات لەم مانگەوە لەکاتی خۆیدا پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە گوتی: "لە مانگی رابردوودا 321 ملیار دینار کورتهێنان لە پارەی مووچە هەبوو، لە داهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە، چونکە داهاتی ناوخۆ تەنیا بۆ مووچە نییە، بەڵکو بۆ کۆمەڵێک خەرجی مانگانەیە".

گوتیشی: "هەموو ئەو داتایانەمان داوە بە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هیوادارین حکومەتی عێراق پابەند بێت بە یاسای بودجە و مانگانە لەکاتی خۆی پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێت".

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە: "هەموو ژمارە و داتاکان روونن و لای حکومەتی عێراق هەیە، بۆیە پێویستە لەم مانگەوە لەکاتی خۆی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە رەوانە بکات".

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕی 598 ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کرد و رەوانەی بانکەکان کرا بە مەبەستی دابەشکردنی مووچە و هەمان رۆژیش دابەشکردنی مووچە لە وەزارەتی تەندروستی دەستیپێکرد و خشتەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان راگەیەندرا، بەڵام ئەو بڕە پارەیە کەمترە لە بڕی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆیە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی راسپارد ئەو کورتهێنانە لە داهاتی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.