سەرۆکی کۆریای باکوور مووشەکی کروزی تاقیکردەوە

K24 - هەولێر

ئاژانسی فەرمی ناوەندی کۆریای باکوور رایگەیاند، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی مووشەکی کروزی ستراتیژی کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کۆریای باشوور و ئەمەریکا دەستیان بە مانۆڕی سەربازی ساڵانە کردووە، کە پیۆنگ یانگ بە پرۆڤەکردن بۆ شەڕی دەزانێت.

ئاژانسی فەرمی ناوەندی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەشکردووە، کیم سەردانی کەشتیەکی جەنگی دەریایی کردووە، کە لە کەنارەکانی رۆژهەڵات جێگیرکراون بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکەکە.

ئەوەشی راگەیاند، ئامانجی هەڵدانی مووشەکە کروزەکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی توانای شەڕکەری کەشتییەکە و تایبەتمەندییەکانی سیستەمە موشەکییەکەیە، لە هەمان کاتدا توانای دەریاوانەکان باشتر دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی هێرشبەری لە شەڕێکی راستەقینەدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەشتییەکە بە خێرایی بەبێ هەڵە ئامانجەکەی بۆردومانکردووە".

ئاژانسەکە لە زاری کیمەوە رایگەیاندووە، "کەشتییەکە جووڵەی بەرزی هەیە، هێزی لێدانی بەهێزی هەیە و ئامادەیی بەردەوامی هەیە بۆ شەڕکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخە لەناکاوەکان".

دوایین تاقیکردنەوەی مووشەکی لە کاتێکدا بووە، کە کۆریای باشوور و ئەمەریکا مانۆڕی هاوینەی ئولچی فریدۆم گاردیانیان دەستپێکرد، کە ئامانج لێی باشترکردنی وەڵامدانەوەی هاوبەش بوو بۆ هەڕەشە ئەتۆمی و مووشەکییە پێشکەوتووەکانی کۆریای باکوور.

سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند، مانۆڕەکەی ئەمساڵ بە گەورەترین قەبارە بەڕێوەدەچێت و دەیان هەزار سەرباز لە هەردوولا کۆکراونەتەوە، هەروەها هەندێک وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی تێدایە.