حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان واژووکرد

K24 – هەولێر:

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تۆم توگنهات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشـیان دەربارەی هەماهەنگی، هاوکاری و راهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لە نێوان هەردوو حکومەتدا واژووکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە (23ـی ئابی 2023)، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تۆم توگنهات وەزیری ئاسایشی بەریتانیا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشـیان دەربارەی هەماهەنگی، هاوکاری و راهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لە نێوان هەردوو حکومەتدا واژووکرد.

‎ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم یاداشتە بەشێکە لە پەیوەندی گرنگ و بەردەوامی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو رووبەرووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان کە سنوورە نیشتیمانییەکان دەبەزێنن و هەڕەشە لە سەر هاونیشتیمانیان دروست دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو یاداشتە نەخشە رێگایەک بۆ پێکەوەکارکردن دادەنێت بۆ باشترکردنی سەلامەتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی هەردوولا. هەروەها پێکەوە کاردەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بونیادی تواناسازی، بە پشت بەستن و پابەندبوون بەمافەکانی مرۆڤ و ستاندەردە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان لەئاستێکی فراوانتر.