ئەمشەو هاکان فیدان دەگاتە هەولێر

K24 - هەولێر:

ئەمشەو هاکان فیدان دەگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.

بڕیارە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمشەو بگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و بەیانی بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

لە کۆبوونەوەی نێوان هاکان فیدان و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان چەندین پرسی گرنگی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

ئەم سەردانەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا وەک ئامادەکارییەکە بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە تا ئێستا وادەکەی بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەنقەرە و بەغداوە ئاشکرا نەکراوە.

رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و دوای کۆبوونەوەی نێوانیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان کرد. سەرەتا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندینجار بە سیفەتی جیاواز سەردانی عێراقی کردووە بەڵام ئەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کردووە.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە( 23ـی ئابی 2023)، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەی نێوان فیدان و هەر سێ سەرۆکایەتی عێراق پرسی ئەمنی، وزە و ئابووری تاووتوێ کران.