فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: ئەمشەو وەزیری دەرەوەی تورکیا دەگاتە هەرێمی کوردستان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

K24 - هەولێر:

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکیا دەگاتە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (23ـی ئابی 2023)، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عیراق، بڕیاروایە ئەمشەو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بگاتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێم و چەند بەرپرسێکی دیکە پێشوازی لێبکرێ. 

لە راگەیاندراوەکەدا هەروەها هاتووە، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سبەی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە فەرمییەکانی دەستپێدەکات.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە (23ـی ئابی 2023)، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەی نێوان فیدان و هەر سێ سەرۆکایەتی عێراق پرسی ئەمنی، وزە و ئابووری تاووتوێ کران.

رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و دوای کۆبوونەوەی نێوانیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان کرد. سەرەتا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندینجار بە سیفەتی جیاواز سەردانی عێراقی کردووە بەڵام ئەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کردووە.