تونس: بەشی مردووانی شاری سەفاقس چیتر توانای لەخۆگرتنی تەرمی کۆچبەرانی نەماوە

K24 - هەولێر

بەرپرسانی تەندروستی تونس ئاشکرایانکرد، لەم هەفتەیەدا ژمارەی تەرمی قوربانیانی کۆچبەران، لە بەشی مردووانی نەخۆشخانەی زانکۆی حەبیب بۆرقیبە، لە شاری سەفاقس، بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە.

حاتم شەریف، بەڕێوەبەری تەندروستی شاری سەفاقسی تونسی بە ماڵپەڕی بەوابە تونسی رایگەیاند، کە "ژمارەی تەرمەکان لەو نەخۆشخانەیە، هەندێکجار چوار هێندەی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 120 تەرم، لەکاتێکدا زۆرترین توانای هەڵگرتنی تەرم لە بەشی مردووان لە 40 کەس تێناپەڕێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ، رۆژانە نەخۆشخانەکە بەردەوامە لە وەرگرتنی ژمارەی تەرمەکان کە بەهۆی شەپۆلی دەریاوە دێنە کەنار دەریاکان لە کەناراوەکانی سەفاقس.

هەڵگرتنەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانە بەردەوامە، ئەمەش بەهۆی خنکانیان لە ئاوەکانی تونس، لەکاتێکدا کۆچبەرەکان هەوڵدەدەن لەو رێگەیەوە بەرەو کەنارەکانی ئیتاڵیا کۆچبکەن.

زۆربەی ئەو بەلەمانەی کە کۆچبەران هەڵدەگرن لە کەناراوەکانی شاری سەفاقسی باشوورەوە بەڕێدەکەون، کە بووەتە خاڵی سەرەکی رۆشتنی کۆچبەرانی نایاسایی.

وەزارەتی ناوخۆی تونس رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، 901 تەرمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دەرهێنراون.

تونس لەمساڵدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران بووەتەوە و کارەساتی خنکانی کۆچبەران رۆژانە دووبارە دەبێتەوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.