سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیرانی دەرەوە و وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا كرد

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی دەرەوە و وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرایەوە.

رۆژی پێنجشەممە (24ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و لە دیدارەکەدا کە ئەلپئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئامادەی بوو، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتیارانی هەردوولا کردەوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت ، زیانی بە هەموو لایەک گەیاندووە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پڕۆژەی ناسراو بە (رێگەی گەشەپێدان) و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە  تورکیا و جیهان لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت، دووپاتی کردەوە کە پێویستە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بە رەزامەندی و هەماهەنگیکردن بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەک بێت کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت.

لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.

پاشان سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، جەختیان لە برەوان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و هەماهەنگیی لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە.