هێزێکی زۆری ئەمنی لە نێو گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک بڵاوەی پێ کراوە

هێزێکی زۆری ئەمنی لە نێو گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک بڵاوەی پێ کراوە (وێنە: دیلان بارزان - کوردستان24)
هێزێکی زۆری ئەمنی لە نێو گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک بڵاوەی پێ کراوە (وێنە: دیلان بارزان - کوردستان24)

K24 - هەولێر

دوای رووداوەکانی شەوی رابردووی کەرکووک؛ هێزێکی زۆری ئەمنی لە نێو گەڕەکە کوردییەکانی شارەکە بڵاوەی پێ کراوە، ئاستەنگیی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە و هەروەها هەڵمەتێکی پشکنین و دەستگیرکردنی ئەو گەنجە کوردانەی دەستپێکردووە کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی ئەیلوولی 2023، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردووی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرە کوردەکان، هێزێکی زۆری ئەمنی کە پێکهاتوون لە دژە تیرۆر، سوپای عێراق و ژمارەیەک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی، لە نێو گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووک بڵاوەیان پێ کراوە.

بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، هەموو سەر کۆڵان و گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک، بەتایبەت گەڕەکەکانی شۆڕش، سەرچنار و رەحیماوا بە هێزی ئەمنی و هەمەری سەربازی گیراون و ئاستەنگیان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە.

 پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە نێو گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووکدا هەڵمەتێکی پشکنین و دەستگیرکردنی ئەو گەنجە کوردانەیان دەستیپێکردووە کە شەوی رابردوو بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە و چەند گەنجێکیان دەستگیرکردووە.

رووداوەکانی 2ـی ئەیلوول

ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 05:00 ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد.  

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندارن.

جگە لە شەهیدکردن و بریندارکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی کەرکووک، هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە، چوار رۆژنامەنووس و میدیاکاریان دەستبەسەر کرد و یەکێکی دیکەشیان بریندار کرد.

راگەیاندن و هەڵگیرانی قەدەغەی هاتووچۆ

دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوێنێی کەرکووک؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قەدەغەی هاتووچۆی لە سەرتاسەری شاری کەرکووکی راگەیاند؛ بەڵام بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، قەدەغە هاتووچۆوەکە هەڵگیراوە و هاتووچۆی هاووڵاتییان ئاسایی بووەتەوە.

لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی کورد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، رێگای سەرەکی هەولێر-کەرکووک کرایەوە و سەرجەم ئەو خێوەتانەی خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانانەکان  لابران، کە لەسەر رێگاکە دانرابوون وەک ناڕازیەتی دەربڕین لە دژی کردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک و گەڕانەوەی ئەو حزبە بۆ شارەکە.

"خۆپیشاندانەکەی دوێنێی کەرکووک خۆرسک بوو"

ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023، کاوە ئەحمەد، چاودێری سیاسی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24، رایگەیاند: "خۆپیشاندانەکەی دوێنێی کەرکووک خۆرسک بوو و ڕێکخراو نەبوو، ئەگەر نا مێژووی کەرکووکییەکان بۆ قوربانیدان مێژووەکی پڕ لە سەروەرییە؛ ئێمە (خەڵکی کەرکووک) لە 28ـی تەمووز، ڕاپەرینی 1991 و ریفراندۆم قوربانیمان دا و لە داهاتووش ئامادەین بۆ قوربانیدان".

کاوە ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: "لە عێراق حکومەتێک لە نێو حکومەتی سوودانیدا هەیە؛ حکومەتێکە بە ئاشکرا بیڵێین، ئەمڕۆ ئاستەنگ دروست دەکات و هەنگاوەکانی بەو ئاراستەیەن کە عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینێت".

بە گوتەی ئەو چاودێرە سیاسییە، گەلی کوردستان و کەرکووکیەکان "داوای گەڕاندنەوەی شکۆ و مافە دەستوورییەکانی خۆیان دەکەن. ئەمە لۆژیکێکە دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و گوێی لێ بگیرێت. درێژەپێدان بەو سیاسەتەی ئێستا لە بەغدا دژ بە کورد پەیڕەو دەکرێت، هەم عێراق زەرەمەند دەبێت و هەم ئێمەش قوربانی زیاتر دەدەین".  

غەفوور مەخمووری: رووداوەکانی کەرکووک دەرهاوێشتەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرن

غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان؛ ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاتژمێر 11:00ـی کوردستان24، لەبارەی رووداوەکانی دوێنێی کەرکووک، رایگەیاند: "پێموایە رەوشی ئێستای کەرکووک و ئەو رووداوانەی دوێنی روویاندا، دەرهاوێشتەی رووداوەکانی پێشتووتری 16ـی ئۆکتۆبەر و ئیدارەی ئێستای سەپێندراوی کەرکووکن، کە لەلایەن خەڵکی شارەکەوە مەقبووڵ نییە، چونکە ئیدارەکە رێگەخۆشکەر بوو، بۆ داخرانی رێگەی کەرکووک – هەولێر و رێگەیان بە چەکدارانی حەشدی شەعبی دا بە جلی مەدەنییەوە بێنە سەر شەقام و خێوەت هەڵبدەن و خۆپیشاندان بکەن".

غەفوور مەخمووری گوتیشی: "حکومەتە یەک لەدوا یەکەکەکانی عێراق، بەردەوام لەکاتی بێهێزیدا پەنا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دێنێت و ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی داواکاری و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد پیشاندەدات، بەڵام کە دەگاتە مەرامی خۆی، لە هەموو بەڵێنەکان پاشگەز دەبێتەوە. دوا ئەزموونیشمان لەگەڵ سوودانی بووە، چونکە ئەو رێککەوتنانەی لەسەردەمی کابینەکەیدا لە نێوان هەولێر و  بەغدا واژووکراون، هیچی جێبەجێ نەکراون".

وەکو ئەوەی غەفوور مەخمووری باسی دەکات، "ئەگەر لە رابردوو و لە ئێستادا، ئێمە لەناوخۆی کوردستان یەک دەست، یەکریز و هاوکار بووباین و ئەو دووبەرەکییەی ئێستا هەیە، نەبووایە؛، پێموانییە عەرەبی هاوردە و تورکمانەکانی کەرکووک بیانتوانی ئەم جۆرە کارانە دژ بە خەڵکی کورد ئەنجام بدەن".

بە گوتەی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان؛ "حکومەتی عێراق بەهێز نییە و بێ سەروەرییە، چونکە کۆنتڕۆڵی لەسەر خاک، ئاسمان و ئاوی خۆی نییە و دەبیبین، رۆژانە ئێران و فڕۆکەکانی تورکیا خاکی عێراق بۆردوومان و تۆپباران دەکەن، کەچی عێراق هیچ هەڵوێستێکی نییە، بەڵام بەرامبەر بە کورد هەمان ئەو رێبازە شۆڤێنییانەیان هەیە کە حکومەتی بەعس هەیبووە".

سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "لە روانگەی تێروانینەوە بۆ پرسی کورد، حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، لە جەعفەرییەوە تا سوودانی، هەمان عەقڵییەتیان هەبووە. کێشەی ئێمە لە عێراق لەگەڵ کەسایەتییەکان نییە، لەگەڵ ئەو عەقڵییەتەیە کە عێراق بەڕێوەدەبات".