كەركووك و ململانێیەكی دواخراو

Kurd24

ئەم ناوونیشانە چەند ڕۆژێكە بووەتە قسە و باسی كەناڵە عەرەبی یەكان و عیراقیەكان چەندین بەرنامە لەژێر ئەم ناوونیشانە سازدراوە ، كەواتە فۆكسی ڕاگەیاندنەكان لەو كات و ساتەدا ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە و چەند ئەجیندایەكی لەپشتەوەیە.

هەروەكو دەزانین كەركوك شارێكی كوردستانی یە لەپاش پرۆسه‌ی ئازادی عیراق سالی (2003) ئەو پارێزگایە ئازاد كرا ئەو زوڵم و ستەمەی چەندان ساڵ بوو لەخەڵكە خۆراگرەكەی دەكرا كۆتایی هات و كورد جارێكی تر گەڕایەوە شارەكە و سەركردایەكی كورد هەر لەساڵی 1970 وە كە شۆرشێكی لەپێناو ئەو پارێزگایە بەرپاكرد بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كورد ، ئەمجارە هەوڵی دا كێشەی كەركوك لەچوارچێوەی یاسا و دەستوور چارەسەربكرێت، هەربۆیە لەسەرەتادا لله‌چوارچیوه‌ی (یاسای به‌رێوه‌بردنی وولات) ساڵی (2004) كه‌ مادده‌ی (58) نه‌خشه‌ رێگای بۆ (ناوچه‌ دابرێندراوه‌كان) دانا و به‌ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ری له‌قه‌له‌م دا و كەركوك وەك ڕەمزی ناوچە كێشە لەسەرەكان دیاریكرا و بووە هێلی سووری سەركردایەتی كورد بەرامبەر بە دەسەلاتدارانی عیراق و بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان ، دواتر له‌ساڵی (2005) دا ده‌ستوور نووسرایه‌وه‌ و كیشه‌كانی كورد له‌م ده‌ستووره‌ ریگای چاره‌ی بۆ دانرا و به‌تایبه‌تی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم تایبه‌ت مه‌ندی پێ درا له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی (140) ده‌ستووری عیراقی كێشه‌كه‌ی به‌ ده‌ستووری كرا ، بەڵام حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق كەوتنە ململانێی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و بۆیە دەیان گرفت و كێشە بۆ ماددەی 140 دروستكرا كاتێ لەقۆناغی ڕاپرسی نزیك بۆوە، بۆیە دەیان مەترسی و دروستكردنی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ و به‌ربه‌ستی تر بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دروستكرا هه‌روه‌ك پرۆژه‌كه‌ی (بیكه‌ر – هاملتۆن) كەخۆی لە جیمس بیكەر وەزیری دەرەوە و لی هاملتۆن سیناتۆری دیموكراتەكان پرۆژەكی 160 لاپەرەیی لەساڵی 2006 خستەڕوو كه‌ كێشه‌ی ئه‌م ناوچانه‌ی نوێ كرده‌وه‌ و گه‌راندیه‌وه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی و پارێزگای (كه‌ركوك)یشی به‌ (بۆمبێكی ته‌وقیتكراو) له‌ قه‌له‌م دا  و داوای كرد وولاتانی هه‌رێمی و نێو ده‌وله‌تی بێنه‌ ناو كێشه‌كه‌وه‌ و راپرسی له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌ دوابخرێت..

كەواتە كێشەی كەركوك ڕەهەندی میژوویی چەند ساڵەی هەیە كە ئێستا لایەنەكان بەپینەو پەرۆ دوای دەخەن بۆكاتی نادیار ڕۆژەك هەیە بۆ تەقاندنەوەی ئەو كێشەیە، بەتایبەتی پاش 16ی ئۆكتۆبەر دانیشتووانی كوردنشینی كەركوك زوڵم و ستەمی زۆرییان لی دەكرێت هەر بێ دەنگییان هەلبژاردووە، ئەم ڕووداوانەی چەند ڕۆژەی كەركوك و ڕێگرییەكانی لەگەڕانەوەی پارتی و وەرگرتنەوەی بارەگاكانیان و ئیستفزازكردنی كوردستانیانی ئەو شارە چەند هۆكارێكی لەپشتەوەیە لەوانە:

لایەنە نەیارەكانی كورد لە كورد و عەرەب و هەندێ لایەنی كوردیش لەو شارە باش لەوە تێگەیشتوون ئەگەر پارتی بگەڕیتەوە بۆ كەركووك پێگەی كورد و حكومەتی هەرێم بەهێزتر دەبێت و دواتر پارتی بە پارتێكی نەتەوەیی ناسراوە لەلایەن نەیارانەوە بۆیە هەستی نەتەوەیی لەم شارە زیاتر تۆخ دەبێتەوە و چیتر عەرەب و توركمان ناتوانن زولم و ستەم لەكورد بكەن.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی هەلبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لایەنەكان ترسیان لێ نیشتووە بەتایبەتی عەرەب و توركمان و لایەنەكانی حەشد شەعبی چاك دەزانن لەو هەلبژاردنە كورد لەڕێگەی ئەم هەلبژاردنەوەی ئەوەی لە16ی ئۆكتۆبەر لەدەستی داوە بەدەستی دەهێنێتەوە هەر لەپۆستی پارێزگارەوە تا بچووكترین پۆست.

لایەنە عیراقیەكان لەكەركوك باش لەوە تێگەیشتوون ئەو پشتگیرییە هەرێمی و نێودەولەتییەی كەلەكاتی 16ی ئۆكتۆبەر  هەیانبوو ئێستا نەماوە بەڵكو ئەمجارە هێزە ئەمەریكیەكان بەهێزی زۆرەوە گەڕانەوە ناوچەكە و لایەنەكانی حەشد ترس گرتوویانە بۆ راكێشانی هەست و سۆزی شەقامی عیراقی و شیعەكان دەست دەكەن بەنانەوەی كێشە و گرفت لەناوچە كێشەلەسەرەكان بەگشتی و كەركووك بەتایبەتی، بۆیە ململانێی داهاتوو لەعیراق دەكەوێتە ئەو ناوچانە كەخاوەنی نیە وەك ناوچە سووننەنشینەكان و ناوچە دابڕێندراوەكان كەلەلایەن حەشدەوە داگیركراوە، بۆیە لەئەگەری ڕووبەروونەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ئەوا ئەم ناوچانە دەكەنە مەیدانی شەڕ.

هەروەها چەند مانگە حكومەتی عیراق بوودجەی هەرێم نانێری و هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ نەناردنی شایستە دارایی یەكان بۆخۆدزینەوە و گۆڕینی فۆكسی خەڵك لەسەر بودجە كێشەی كەركوك دەهێننەوە بەرباس بەڵكو ئەوەش جۆرێكە لەئیستفزاز كردنی حكومەتی هەرێم لەلایەن عیراقەوە تا بیانووێك بكەتە دەستیان تا پارە نەنێری.

ئەو ململانێیەی لەكەركوك هەیە كەكەڵەكەبووی چەند سالێكە هەر بەپینە و پەڕۆ دوای دەخەن و بەدوای چارەسەرناگەڕێن ڕۆژێك دادێ دەتەقێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەكەی ، ئەوەی بۆ كورد گرنگە پێویستە لەوناوچانە یەكریزبێت و واز لەیەكترشان بهێنن بابەتەكە نەتەوەیی یە و دەبێت هەموو لایەنە كوردییەكان بەڕوانگەی نەتەوەیی یەوە بڕواننە كێشەی كەركوو و ناوچەكانی تر.