رێژەی هەژاری و بێکاری لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە

K24 - هەولێر

پاش دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان ئازادی؛ هەژاری و بێکاری لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت لە سنە زیاتر پەرەی سەندووە. پچڕان و خاوکردنەوەی ئەنتەرنێتیش دەیان پیشە و هەلی کاری لەناو بردووە.

نزیکەی ساڵێک بەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی لە بنکەی پۆلیسی ڕەوشتی تاران و دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، هەڵاوسان، هەژاری و بێکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت لە پارێزگای سنە زیاتر پەرەیان سەندووە و دۆخی ئابووریی ئەم بەشەی کوردستان زیاتر لە جاران بەرەو خراپی چووە.

بە پێێ ئامارەکانی ناوەندیی ئاماری ئێران، ساڵی رابردوو و لە دوایین مانگی هاویندا، لە کاتێکدا کە مامناوەندی هەڵاوسانی ساڵانە لە ئێران 41.5٪ بوو، هەڵاوسانی ساڵانە لەپارێزگای سنە 42.8٪ بوو؛ بەڵام حەوت مانگ پاش دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان، لە کاتێکدا کە هەڵاوسانی ساڵانەی ئیران 49٪ بوو، هەڵاوسان لە کوردستان گەیشتبووە سەرووی 55٪.

بەم شێوەیەش پارێزگای سنە کە لە ڕیزبەندی هەڵاوسانی پارێزگاکانی ئێراندا پلەی 18ی هەبوو، بوو بە پێنجەمین پارێزگای ئێران لە بەرزبوونی هەڵاوساندا.

هاوشانی هەڵاوسان، بێکارییش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندووە. بە پێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی فەرهیختگان، ڕێژەی بێکاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیک دوو ئەوەندەی ناوچەکانی دیکەی ئێرانە  و ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی زانیارییەکانی ناوەندیی ئاماری ئێران، لانیکەم 67٪ی پیشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نافەرمین و بیمە و خانەنشینی نایانگرێتەوە.

هەر لە ماوەی ساڵی رابردوودا حکومەتی ئێران بە بەردەوامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنتەرنێتی یان بڕیوە و یان خاوی کردووەتەوە؛ ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی بازاڕ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی چ لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا و پچڕانی ئەنتەرنێتیش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە فرۆشگە ئۆنڵاینەکان لەناو بچن.