ستیڤن هیچنس: هەموو فەرمانبەرانی حکومەت شایەنی ئەوەن لە کۆتایی هەموو مانگێکدا مووچە وەربگرن

K24 - هەولێر

ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی گفتوگۆمان له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر به‌غدا كرد. ده‌شڵێت: "هەموو فەرمانبەرانی حکومەت شایەنی ئەوەن لە کۆتایی هەموو مانگێکدا مووچە وەربگرن".

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق نووسیوویه‌تی: "لەبارەی کێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی گفتوگۆمان کرد".

هیچنس هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە، شانشینى یەکگرتوو هیوادارە بەمزووانە بڕیارێک ببینێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراقدا هاتووه‌: "هەموو فەرمانبەرانی حکومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، شایەنی ئەوەن، لە کۆتایی هەموو مانگێکدا مووچە وەربگرن".

ئەمڕۆ شەممە 16/9/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کرا.

لەمبارەیەوە سەردانی هەفتەی رابردووی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە هەنگاوێکی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان دانرا.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.