هەناردە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی نرخی مریشک بەرز دەکاتەوە

کێڵگەیەکی پەلەوەر لە سلێمانی
کێڵگەیەکی پەلەوەر لە سلێمانی

K24 - سلێمانی

بەراورد بە مانگى رابردوو چەند رۆژێکە نرخى مریشک لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشى هەناردە کردنیەتى بۆ پارێزگاکانى دیکەى عێراق و لەگەڵ ئەوەشدا بڵاوبوونەوەى چەند جۆرە نەخۆشیەک لە ماوەى لەنێو کێڵگە پەلەوەرییەکان وایکرد بڕى بەرهەمهێنان کەم ببێتەوە.

چەند رۆژێکە فرۆشیاران مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان بە گران دەکڕن و بە گرانیش دەیفرۆشنەوە، بەڵام بازاڕیان وەک پێویست نییە، ئێستا نرخى هەر کیلۆیەک مریشک نزیکەى 1000 دیناری هاتووەتە سەر، ئەوەش وایکردووە فرۆشەکەى کەم ببێتەوە.

محەممەد کەریم، فرۆشیاری مریشکە لە سلێمانی دەڵێت: "نرخی مریشک جێگیر ناکرێت، ماوەیەک لەمەوپێش مریشک بۆ باشووری عێراق هەناردە نەدەکرا، ئێستا لەبەر ئەوەى کەش فێنک بووە، مریشک بۆ باشووری عێراق هاوردە دەکرێت، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی مریشک تاڕادەیەک پەیوەندی بە خواستەوە هەیە".

نرخى مریشک لە بازاڕەکاندا خەریکە هاوشێوەى بەهاى دۆلارى لێدێت، کە زۆربەى کات نرخەکەى بەرز و نزم دەکات، ئەمەیش بۆ دوو هۆکارى سەرەکى دەگەڕێتەوە، یەکمیان بڵاوبوونەوەى نەخۆشی لەنێو کێڵگە پەلەوەرییەکان لەماوەى رابردودا، دووەمیان هەناردەی مریشکە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق.

جەمال حوسێن، بەڕێوەبەرى سامانى ئاژەڵ لە سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "نەخۆشى یەکێکە لە هۆکارەکان کێڵگەکانی پەلەوەری، نەخۆشى نیوکاسڵ و ئایبى دوو نەخۆشى زۆر باون لە ناو هەر کێڵگەیەکی پەلەوەری بڵاوببێتەوە ژمارەیەکى زۆرى مریشک مردار دەبنەوە، هەر کاتێک ژمارەی مریشک کەم بووەوە لە بازاڕدا بێگومان نرخەکەی بەرز دەبێتەوە".

لە پارێزگاى سلێمانى 585 پڕۆژەى پەلەوەرى کار دەکەن و 800 هۆڵی بەخێوکردن و بەرهەمێننانی مریشکیان هەیە، لەپاڵ ئەمانیشدا نزیکەى 100 پڕۆژەى بێ مۆڵەت کار دەکەن، کە بە گوتەى بەرێوەبەرایەتى سامانى ئاژەڵ ئەو پڕۆژە بێ مۆڵەتانە هۆکارن بۆ تێکدانى بەرهەمى گۆشتى مریشک و بڵاوبوونەوەى نەخۆشى لەنێو کیڵگەکان.