دژە تیرۆری کوردستان: هێشتا تۆمەتبارانی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە بەردەم دادوەر ئامادەنەبوونە

شەهید هاوکار جاف
شەهید هاوکار جاف

K24 - هەولێر

دژە تیرۆری کوردستان لە ساڵیادی شەهیدکردنی عەقید هاوکار جاف رایدەگەیەنێت، "هێشتا تۆمەتباران لە بەردەم دادوەر ئامادە نەبوونە؛ ئەمەش ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیدان بە ترس و تۆقاندن و تیرۆر لەژێر ناوی دەزگا ئەمنییەکاندا."

ساڵێک پێش ئێستا و لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2022، عەقید هاوکار عەبدوڵڵا جاف، ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا لە شاری هەولێر شەهید کرا. هاوکات هاوسەر، دوو منداڵەکەی و خوشکێکی لەو کردەوەیەدا بریندار بوون.

لە ساڵیادی شەهیدکردنی عەقید هاوکار جاف، دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "سەرەڕای ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، هێشتا تۆمەتباران لە بەردەم دادوەردا ئامادە نەبوونە."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوکەدا هاتووە: "ئەم بێباکییەی لایەنی پەیوەندیدار لە ڕادەستنەکردنی تۆمەتباران بە یاسا، ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیدان بە ترس و تۆقاندن و تیرۆر لەژێر ناوی دەزگا ئەمنییەکاندا".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای رادەستکردنەوەی داواكراو وەهاب هەڵەبجەیی و ژمارەیەک داواكراوی دیکەی لە دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی کرد. ئامادەنەبوونی داواکراوان لە بەردەم دادوەر، رادەستنەکردنیان بە یاسا و پشتگوێخستنی فه‌رمانی دادگا، وەک ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حاڵەتەکانی تیرۆر، کوشتن، رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات و کۆمەڵگە بە گشتی لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەبێت".