سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی داوای رادەستکردنی داواكراو وەهاب هەڵەبجەیی دەکات

ئۆتۆمبێلی عەقید هاوکار چاف دوای ئەوەی تەقێندرایەوە
ئۆتۆمبێلی عەقید هاوکار چاف دوای ئەوەی تەقێندرایەوە

K24 - هەولێر

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی داوای رادەستکردنی داواكراو وەهاب هەڵەبجەیی دەکات و دەڵێت، ماوەیەکە لە سنووری دەڤەری سلێمانی، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حزبییەکان زیادیکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "بەداخەوە ماوەیەکە لە سنووری دەڤەری سلێمانی، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی، حزبی و کەسییەکان، رۆژبەرۆژ روو لە زیادبوونە".

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی جەخت لەوە دەکاتەوە، "نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی ببێتە دەزگایەکی کەسیی و بە مەبەستی تایبەت بلاوبکەنەوە و پێویستە دەزگای ئەمنیەکان کە دەزگای فەرمی حکومەتن، ئەرکیان پاراستنی ئارامی، ئاسایشی نشتیمان و سەرومالی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە دۆخی پێکەوەژیان، ئاسایش و ئاشتی کۆمەلایەتی بێت".

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی لە راگەیەندراوەکەیدا، داوای رادەستکردنەوەی داواكراو وەهاب هەڵەبجەیی و ژمارەیەک داواكراوی دیکەی لە دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی کردووە. ئامادەنەبوونی داواکاران لە بەردەم دادوەر، رادەستنەکردنیان بە یاسا و پشتگوێخستنی فه‌رمانی دادگا، وەک ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حاڵەتەکانی تیرۆر، کوشتن، رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات و کۆمەڵگە بە گشتی لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەبێت".

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی وێنەی دوو نووسراوی فەرمیی (دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوخۆی کۆمکاری عەرەبی) لەگەڵ راگەیەندراوەکە بۆ دەستگیرکردنی داواكراو وەهاب هەڵەبجەیی هاوپێچ كردووه‌.

 

فەرمانی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر بۆ دەستگیرکردنی
فەرمانی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر بۆ دەستگیرکردنی "داواکراو وەهاب هەڵەبجەیی"

 

نووسراوەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بۆ دەستگیرکردنی داواکار وەهاب هەڵەبجەیی، لە رۆژی 11ـی ئۆکتۆبەری 2022 و لەسەر بنەمای بڕگەی سێیەمی ماددەی دووەمی یاسای 3ـی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ساڵی 2006 دەرچووە و داوا لە هێزە ئەمنییەکان کراوە "داواکار وەهاب مەجید باقی عەبدولکەریم"  بە تۆمەتی "تیرۆر" دەستگیربکەن و رەوانەی دادگای بکەن.

 

فەرمانی کۆمکاری عەرەبی بۆ دەستگیرکردنی
فەرمانی کۆمکاری عەرەبی بۆ دەستگیرکردنی "داواکراو وەهاب هەڵەبجەیی"

 

هەرچی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزاری ناوخۆی کۆمکاری عەرەبییە، رۆژی 19ـی نیسان (4)ـی 2023 دەرچووە و تێیدا داوا لە پۆلیسی ئیینتەرپۆل کراوە، بەدوای "داواکار وەهاب مەجید باقی عەبدولکەریم" بگەڕێن و لەکاتی دۆزینەوەی دەستگیربیکەن و ئەنجوومەنەکەی لێ ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان رادەستی بەرپرسانی عێراق بکرێتەوە. ئەنجوومەنەکە لەسەر داوای کۆماری عێراق ئەو نووسراوەی ئاراستەی پۆلیسی ئینتەرپۆل کردووە.

کوژرانی عەقید هاوکار جاف

ئەمە لە کاتێکدایە دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی 7ـی ئۆکتۆبەری 2022، لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار جاف، ئەفسەر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا. هەر لەو رووداوەدا، خوشکێکی عەقید هاوکار کە لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینی ئەو ئەفسەرە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بریندار بوون.

 چەند رۆژێک دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ڤیدیۆی دانپێدانانی شەش تۆمەتباری بڵاوکردەوە، کە لەسەر ئەو کردەوەیە دەستگیرکرابوون. ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو شەش تۆمەتبارە دەرکەوتووە "کردەوە تیرۆریستییەکە لەلایەن تیمێکی دژە تیرۆری سلێمانی ئەنجامدراوە بە فەرمانی راستەوخۆی (وەهاب مەجید باقی، ناسراو بە وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژە تیرۆری سلێمانی) و (کارزان محەممەد رەشید، بەرپرسی هەواڵگری دژە تیرۆری سلێمانی)."