بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستیپێکرد

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 15/10/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر دەستیپێکرد.

لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ئامادەبووان وتاریان دەبێت، دواتر چەند پانێڵێک بەڕێوەدەچن، لە پانێڵی یەکەم بەناونیشانی "رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان" تێیدا ژمارەیەک وەزیری و بەرپرسی پەیوەندیدار وەک قسەکەر گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.

لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وتارێکدا رایگەیاند: "ماددە هۆشبەرەکان مەترسییەکی هاوبەشە و پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەیەکی هەماهەنگسازە بۆ رەواندنەوەی مەترسییەکانی، جێگەی شانازییە لەلایەن جەنابی سەرۆکوەزیرانەوە راسپێردراوین بە ئەرکی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بو پاڵپشتی لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەركان لە هەرێمدا، ئەم كۆنفرانسە یەکێکە لەبەرهەمە سەرەتاییەکان بۆ یەکخستنی هەماهەنگی لەم رووەوه".

گوتیشی: "ئامانج لەم كۆنفرانسە بریتییە لە ئاگادارکردنەوەی لایەنە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان لەو راستییەی کە لە ئێستادا رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووینەتەوە لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی خێرای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵييەكان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها کۆنفرانسەکە دەروازەیەک دەبێت بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نیشتمانی و نێودەوڵەتيیەكان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیه".

دیندار زێباری راشیگەیاند: "بەگوێرەی ئاماری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، تائێستا 617 بەکارهێنەر و 480 بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، هەروەها 2 هەزار و 166 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە دەزگا ئەمنییەکان راگیراون، لەوانە 807 بازرگان و هەزار و 359 بەکارهێنەرن. کۆی گشتی سزادراوان و راگیراوان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 3 هەزار و 301 کەس".

دەشڵێت: ئەمە تەنها ئامارێکی ئاسایی نین، بەڵکو زەنگی مەترسین و ئەوە دەخەنەڕوو کە بە ماوەیەکی زۆر کەم و بەشێوازێکی خێرا ماددە هۆشبەرەکان بڵاودەبێتەوەو گەر بێت و بەری پێ نەگیرێت ئەوا دووچاری زیانی مرۆیی و ئابووریش دەبینەوه. لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ چەند رێکارێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان کە دەکەونە بواری جێبەجێکردن لەوانە ئەنجامدانی هەڵمەتی هوشیارکردنەوەی بەرفراوان لە دەزگاکانی راگەیاندن رێکخراوەکانی کومەڵگەی مەدەنی، قوتابخانه، پەیمانگا و زانکۆکان و مینبەرە ئاینییەکان بەگشتی بۆ بەدیهێنانی ئەم رێکارانە و جێبەجێکردنیان پێویستمان بە هاوکاری لایەنە نێودەوڵەتييەكان هەیە و لەم سونگەیەوە چەند داواکارییەک ئاراستەی لایەنی نێودەوڵەتی دەکەین: یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشانی حکومەتی فیدراڵ بخرێتەسەر نەخشەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، هەروەها هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی هەستیار لە رووی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بناسێنرێت ئەمەش رێگەمان پێدەدات هەماهەنگییەکی بەرفراوان پێکبێنین لەگەڵ وڵاتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و سوود لە پسپورە جیهانییەکان و دەوڵەتانی پیشکەوتوو وەربگرین لە رووی لوجستی و میکانیزمی بەرەنگاربوونەوه. دووەم داواکارین کە دەرفەت بە هەرێمی کوردستان بدرێت لە كۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان بەشداری پێ بکرێت ئەم کوبوونەوانە گرنگن بۆ رووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەم بارەیەوە پێویستمان بەهاوکاری و هەماهەنگییەکی زیاتری نێودەوڵەتی هەیه. سێیەم بەرزکردنەوەی توانا دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان و پێدانی راهێنانی تایبەت لەسەر یاسا و راسپاردە نێودەوڵەتييەكان لەلایەن دامەزراوەو رێكخراوە نێودەوڵەتيیەكان لە مامەڵەکردنی دادوەران لەگەڵ کەیسەکانی ماددەی هۆشبەر گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان لە بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان".

لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ئامادەبووان وتاریان دەبێت، دواتر چەند پانێڵێک بەڕێوەدەچن، لە پانێڵی یەکەم بەناونیشانی "رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان" تێیدا ژمارەیەک وەزیری و بەرپرسی پەیوەندیدار وەک قسەکەر گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکەن. لە پانێڵی دووەمدا بە ناونیشانی "رۆڵی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان" ژمارەیەک لە نوێنەری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراو و دامەزراوەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ قسەکەری پانێڵەکە دەبن.

هەروەها بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەگەڵ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادەی کۆڕبەندەکە دەبن.